رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کەسێکی دەستگیرکرد کە خۆی وەک بەرپرس و کەسایەتیی باڵا ناساندووە، بە ناوی سەرکردەیەکی سیاسییەوە پەیوەندیی تەلەفۆنی بە سەرۆکوەزیرانەوە کردووە تاوەکو دەستکەوتی تایبەت بەدەستبهێنێت.
رۆژی سێشەممە 18ی ئابی 2026 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "هێزەکانمان توانییان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە چەندین پلە و ناونیشانی حکومیی بۆ مەبەستی فێڵکردن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی تایبەت بەکارهێناوە."
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، ئەم کەسە بەم دواییە بەناوی کەسایەتییەکی سیاسیی دیارەوە پەیوەندیی بە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومەتەوە کردووە.
گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە دوای بەدواداچوونێکی وردی مەیدانی و تەکنیکی هاتووە، کە تێیدا شوێنی تۆمەتبارەکە لە بەغدا دیاریکراوە و دواتر دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر دەستگیرکراوە.
تۆمەتبارەکە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دەرکەوتووە، پێشتریش لە ساڵی 2023دا بەهۆی ئەنجامدانی هەمان جۆرە تاوانەوە سزا دراوە. ئێستا رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و رەوانەی دادگە کراوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی وەربگرێت.



