رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکاندا لەبری کارتی بایۆمەتری، پێویستە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق هەموار بکرێتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 25-08-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی تەکنیکیی تایبەتی نێوان کۆمیسیۆن و وەزارەتی ناوخۆی عێراق ماوەیەکی زۆرە لە کارەکانیان بەردەوامن و یەکێک لەو پرسانە، پشتبەستنە بە کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان. بە گوتەی جومانە غەلای، کۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی.
بەگوێرەی یاسای ئێستای هەڵبژاردنەکان (ژمارە 12ی ساڵی 2018ی هەموارکراو)، پێویستە کارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان بەکاربهێندرێ، بەڵام لیژنەی تەکنیکیی نێوان کۆمیسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ بەدوای رێگەیەکی ئاسانتردا بۆ دەنگدەران دەگەڕێن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن باسی ئەوەی کرد، بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان پێشنیازی حکومەتی پێشووی عێراق بووە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، لەو کاتەوە کاری لەسەر کراوە و لیژنەی بۆ پێکهێندراوە.
گۆڕینی شێوازی ناسنامەی دەنگدەر تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو پێویستی بە رەزامەندیی لایەنی یاسادانانە. بە گوتەی جومانە غەلای، "ئەم بابەتە پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەقی یاسایی هەیە لەنێو پەرلەمان، بۆ ئەوەی کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا وەک بەڵگەنامەی سەرەکی پشتی پێ ببەسترێ."
ئامانج لەم پێشنیازەی کۆمیسیۆن، زیادکردنی رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان و نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەیە کە بەهۆی وەرنەگرتنەوەی کارتی بایۆمەترییەوە بۆ هەندێک لە دەنگدەران دروست دەبوو. ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و وەزارەتی ناوخۆ بەشداربوون.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دایە وەزارەتی ناوخۆ کە بە هەموو شێوەیەک هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن، بۆئەوەی هەنگاوەکان بە ئاراستەی پەسندکردنی کارتی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو خێراتر بکرێن."
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کران.
زەیدی ستایشی کارەکانی کۆمیسیۆنی کرد لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا و داوای کرد ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ پڕۆسەکانی داهاتوو دەستپێبکەن. گوتیشی، "پاراستنی دەنگی هاووڵاتی وەک پاراستنی دواڕۆژی وایە. هەرکەسێک خاوەنی دەنگی خۆی بێت، خاوەنی دواڕۆژی خۆیەتی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی دا، لەمەودوا ناسنامەی کارتی نیشتمانی دەبێتە بەڵگەی فەرمی بۆ دەنگدان، هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراقی راسپارد کە هەموو زانیاری و داتاکان بخاتە بەردەم کۆمیسیۆن بۆ کارئاسانیی پڕۆسەکە. عەلی زەیدی گوتی، بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی دەبێتەهۆی وردبوون لە داتاکان و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە کاتی دەنگداندا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان کرا بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە کاتی دیاریکراودا و هاوئاهەنگی زیاتری نێوان لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکان.



