رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا بانکێکی عێراقی و خاوەنەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە و رایگەیاند، ئەو بانکە و خاوەنەکەی لە رێگەی سپیکردنەوەی پارەوە، هاوکاریی دارایی فەیلەقی قوودسی ئێرانی و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، بانکی هودای عێراقی و خاوەنەکەی خستە لیستی سزاکانییەوە. خاوەنی بانکەکە ناوی حەمەد یاسر موسەوییە، کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، "ئەو بانکە چەندین ساڵە لە رێگەی دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی، هاوکاری سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئێران لە عێراق وەکو کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەقی کردووە". هەروەها دەڵێت، "ئەو بانکە بووەتە ناوەندێکی هاوکاریی دارایی تیرۆریستان و هەروەها دەستگەیشتن بە دۆلاری ئەمریکی".
وەزارەتە ئەمریکییەکە دەڵێت، لە رێگەی ئامرازی بەهێزەوە دەیانەوێت سیستمی دارایی عێراق و جیهان بەرامبەر بەو گرووپە تیرۆرستیانە بپارێزن.
بانکی هودا لە ساڵی 2007 دامەزراوە و لە ساڵی 2008 دەستی بەکارکردن کردووە. لقی سەرەکی لە بەغدایە و جگە لەو لقە، چوار لقی دیکەشی هەیە، دوو لە بەغدا، یەکێک لە کەربەلا و ئەوەی دەیکەشیان لە ناسریەیە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی هودا، لە رێگەی هاوکاری داراییەوە بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە عێراق، ناسەقامگیریی لە عێراق دروستکردووە و گیانی عێراقی و ئەو ئەمریکیانەی لە عێراقن، خستووەتە مەترسییەوە. دەشڵێت، "ئەمریکا پابەندە بەوەی کار لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات بۆ پتەوکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی سیستمی دارایی عێراق و ئەمریکا لەو پێشێلکاریانە".
لەوبارەیەوە، بڕایان نیلسن، جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری، گوتی، "عێراق پێشڤەچوونی باشی هەبووە بۆ لەنێوبردنی چالاکییە نایاساییەکانی سیستمی دارایی، بەڵام ئەکتەرە بێویژدانەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ قۆستنەوەی ئابووریی عێراق و بەدەستهێنانی پارە و پەرەدان بەو چالاکییە نایاساییانە".
هەروەها ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، کە ئێستا لە عێراقە، دەڵێت، "لە رێگەی ئەو بڕیارەوە ئێمە دەتوانین سیستمی دارایی عێراق و بازرگانییە یاساییەکانیان لەو ئەکتەرە نایاساییانە بپارێزین".
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، خاوەنی بانکی هودا، لە رێگەی کۆمپانیای دیکەوە، خەریکی سپیکردنەوەی پارە بووە و دەڵێت، "لە دامەزراندنییەوە بانکی هودا لەلایەن فەیلەقی قوودس و سوپای پاسدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە".
بەگوێرەی سزاکان، هەر ئەمریکییەک مامەڵە لەگەڵ ئەو بانکە بکات، یان هەر سامان و پشکێکی ئەو بانکە و خاوەنپشکەکانی لەنێو خاکی ئەمریکادا هەبن، واشنتن دەستیان بەسەردا دەگرێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەروەها دەڵێت، "بانکی هودا، لەوکاتەی دامەزراوە لە رێگەی بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەوە، لانیکەم شەش ملیار دۆلاری رەوانەی دەرەوەی عێراق کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ