رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، سزای زیندانیکردن بۆ یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی کارەبای عێراق دەرچوو، دوای ئەوەی لە کاتی راییکردنی مامەڵەی کۆمپانیایەکدا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا.
رۆژی دووشەممە، 24ی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای 6 ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای فوراتی ناوەڕاست و فەرمانبەرێکی دیکە دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی سەلمێندرا کە بەرتیلیان لە کۆمپانیایەک وەرگرتووە لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایە.''
دەستەی دەستپاکی راشیگەیاند، دادوەر دوای وردبینی لە هەموو بەڵگەکان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە تاوانەکە کراوە. سزاکەش پاڵپشت بە بڕیاری (160ی ساڵی 1983) دەرچوو کە تایبەتە بە سزادانی ئەو فەرمانبەرانەی پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و وەرگرتنی بەرتیل بەکاردەهێنن.
پرۆسەی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە بۆ ناوەڕاستی مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک تیمەکانی دەستەی دەستپاکی بە فەرمانێکی دادوەری و لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، رۆژی چوارشەممە 15ی تەمموزی 2026، عەلی حەمید زەیدی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای فوراتی ناوەڕاست و ژمارەیەک فەرمانبەریان لە بارەگای کۆمپانیاکە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیر کرد.
ئەم هەنگاوەی دەستەی دەستپاکی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە فراوانەدایە کە ماوەیەکە بۆ رێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستی پێکردووە.
کەرتی کارەبا لە عێراق یەکێکە لەو کەرتانەی کە هەمیشە رەخنەی زۆری لێ دەگیرێت و سەرەڕای خەرجکردنی دەیان ملیار دۆلار لەدوای ساڵی 2003ـەوە، گەندەڵی وەک رێگرێکی سەرەکی دەبینرێت لەبەردەم سوودمەندبوونی هاووڵاتییان لە وزەی کارەبا، زیاتر لە 100 ملیار دۆلار بە هەدەردراوە.


