رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی لە بوارەکانی پەروەردە، ئابووری و خزمەتگوزاری دەرکرد؛ لەوانە پێدانی دەرفەتێکی نوێی تاقیکردنەوە بەو قوتابیانەی لە چوار وانە و کەمتر کەوتوون، کەمکردنەوەی گومرگ بۆ ماددەی سەرەتایی کارگەکان و تەرخانکردنی 2.5 ترلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان. رۆژی دووشەممە 24ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، 16ـەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پیرۆزبایی لە گەلی عێراق و جیهانی ئیسلامی کرد. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە پێدانی "تەنیا یەک دەرفەتی تاقیکردنەوە" بۆ قوتابیانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی (سێی ناوەندی) و دوازدەی ئامادەیی (شەشی ئامادەیی) بە هەموو بەشەکانییەوە، کە لە تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵدا لە "چوار وانە و کەمتر" کەوتوون. بڕیارە وادەی تاقیکردنەوەکان لە خولێکی تایبەتدا دواتر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دیاری بکرێت. حکومەتی عێراق هەروەژا بڕیاریدا بە تەرخانکردنی 2.5 ترلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان. هەروەها بڕیاردرا بڕی دوو ترلیۆن دیناری بودجەی "پترۆدۆلار" بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2023 خەرج بکرێت. لە پێناو پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی رسوماتی گومرگی بۆ تەنیا (1%) لەسەر سەرجەم ئەو ماددە سەرەتاییانەی لە پیشەسازییە ناوخۆییەکاندا بەکاردێن، ئەم بڕیارە هێڵە بەرهەمهێنەرەکان و پێداویستیی کارگەکانیش دەگرێتەوە. بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبا، بڕیاردرا وەرگرتنی باج لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان تاوەکو یەکی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دوابخرێت. هەروەها لە بواری ئەمنیدا، وەزارەتی دارایی راسپێردرا 5.3 ملیار دینار بۆ پشتیوانیکردنی "سەنتەری نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی" دابین بکات، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان. هەر لە کۆبوونەوەکە وەزارەتی کشتوکاڵ سەرپشک کرا لە کڕینی خێرای دەرمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مێرووی "سۆسەی خورمای سوور" بۆ پاراستنی دارخورماکان. رەزامەندی لەسەر رەشنووسی "یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان" درا و رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ پەسندکردن.