سوودانی بڕیاری دا لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە تۆمارێکی دەنگی بەناوی بەڕێوەبەری باجەکان بکرێت

دوێنێ کاژێر 11:49
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە تۆمارێکی دەنگیی دزەپێکراو بکرێت، کە بەناوی بەڕێوەبەری باجەکان بڵاوبووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا دەستەی دەستپاکیی بەپەلە لێکۆڵینەوە لە تۆماری دەنگێکی دزەپێکراو بکات، کە بەناوی بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی گشتیی باجەکان بڵاوبووەتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوادەکات بە خێرایی ئەنجامەکەی پێشکێش بکەن و  دووپاتی دەکاتەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکە لە گرنگترین کاری لە پێشینەی حکومەت.
 
ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوەدێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگێکی دزەپێکراوە بە ناوی عەلی وەعد عەلاوی، سەرۆکی دەستەی گشتیی باجەکان بڵاوبووەتەوە. 
 
لە دەنگە دزەپێکراوەکان وادەردەکەوێت، عەلاوی پەیوەندی تەلەفۆنی بۆ کەسێک دەکات بەناوی ئەبو فەهد، کە خاوەن کۆمپانیایە، پێی رادەگەیێنێت، باجە کەڵەکەبووەکانی سەر کۆمپانیاکەی لە حەوت ملیار دینارەوە بۆ 89 ملیۆن دینار کەمدەکاتەوە، کە 11 ساڵی باجی لەسەر کەڵەکە بووە.
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی باجەکان بەڵێن دەدات هەڵسەنگاندن بۆ کۆمپانیاکە بکاتەوە، حیساباتی کۆتایی ساختە بکات و دووبارە پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی بکرێتەوە.
 
دوای ئەو بڕیارەی سوودانی، هەریەک لە وەزارەتی دارایی و دەستەی دەسپاکی عێراق بە جیا رایانگەیاند، کە لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
 
بەگوێرەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، لە 180 وڵاتدا عێراق لە رووی گەندەڵییەوە لە ریزی 157ـەمینە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە