عێراق
کەسوکاری قوربانییان لەسەر تەرمی یەکێک لەوانەی لە رووداوەکەی حەمدانیە گیانی لەدەستداوە، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای حەمدانیە، ئەمڕۆ 48 تەرمی دیکە کە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵی ئاهەنگەکان لە درەنگانی شەوی 26ـی ئەیلوول گیانیان لەدەستدا، بە خاک دەسپێردرێن.
پەیامنێری رووداو لە رێوڕەسمی ناشتنی ئەو هاووڵاتییانەوە گوتی، "زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 28-9-2023) دەنێژرێن، ژن و منداڵن."
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی "هەیسەم" گڕی گرت. پڕیشکی ئاگرەکە هۆڵێک و ناخی سەتان خێزانی سووتاند، کە لە مێژووی قەزای حەمدانیە و پارێزگای نەینەواشدا وێنەی نەبووە. سەرچاوەی ئاگرەکە یارییە ئاگرینەکان بوو.
لە هۆڵەکەدا، بە گوتەی قایمقامی حەمدانیە 700 کەسی تێدابوو، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش بریندارن، هەرچەندە ئەو ئامارە جیاوازە هەر لایەنێک ژمارەیەک دەڵێ، بەڵام سەرجەمیان جەخت دەکەنەوە لەوەی زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100ـی دیکەش بریندار بوون.
قەزای حەمدانیە، سەر بە پارێزگای نەینەوایە، ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار کەسە و زۆربەیان کریستیانن. لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزاکە لە ساڵی 2014، زۆربەی دانیشتووانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لەو گۆڕستانەی تەرمەکان لێی دەنێژرێن، گوتی "ئێرە ناوی گۆڕستانی قیامەیە، هەر بەڕاستیش دەڵێی قیامەیە. رەوشێکی زۆر ناخۆشە و وردە وردە تەرمەکان دەهێنن. جگە لەوەش تیمی تەندروستیش لێرە ئامادەن، چونکە زوو زوو کەسوکاری قوربانییەکان لەتاو خەم و گەرما لەهۆشخۆیان دەچن.''
هەر ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە گەیشتە پارێزگای نەینەوا. نووسینگەکەی دەڵێت، بڕیارە سوودانی سەردانی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانیە بکات.
بەشێک لە تەرمی قوربانییان، هێشتا لە دادپزیشکیی موسڵن و بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانیان، ناناسرێنەوە و بۆ ناسینەوەیان پێویستیان بە پشکنینی (DNA)ـیە.
هۆڵی هەیسەم، رێستۆرانت و شاری یاریشی تێدایە، خاوەنەکەی سەمیر سلێمان نپۆیە، ساڵی 2012 هۆڵەکەی دروستکردووە و دواتر لە ساڵی 2018 نۆژەنی کردووەتەوە، بە کەسێکی نزیک لە یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دەناسرێت، هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەبارەی رووداوەکە و مۆڵەتی ئەو وەبەرهێنەرە و وردەکاریی دیکە بەردەوامە.
خاوەنی هۆڵەکە لەگەڵ رووداوەکە هەڵات و دوێنێ لە هەولێر دەستگیرکرا و رادەستی هێزە ئەمنییەکانی نەینەوا کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ