رووداو-هەولێر
ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق رایگەیاند؛ پێشبینی دەکەین قەبارەی هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکی لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە ساڵانە بگاتە 1.5 ملیار دۆلاری ئەمریکی.
یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق، ئەمڕۆ شەممە 28.5.2022، بە ئاژانسی هەواڵەکانی ئێرانی راگەیاند: دوای نەمانی بەربەستەکانی پەتای کۆرۆنا؛ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق زۆر گەشەی کرد.
یەحیا ئال ئیسحاق گوتیشی: ئێران و عێراق رێککەوتنی باشیان لە کەرتی کارەبا و وزە واژۆکرد، هەروەها هەردوولامان سەبارەت بە قەرزی ئێران لەسەر عێراق رێککەوتووین، بۆیە بەڵێندەرە عێراقییەکان پابەندبوونی خۆیان لەم رووەوە جێبەجێکردووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق ئاشکراشیکرد: پار قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق گەیشتە 9 ملیار دۆلار، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەم قەبارە زیاتر بوو، بۆیە پێشبینی دەکەین قەبارەی هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەکیی لە عێراق لە لایەن ئێرانەوە ساڵانە بگاتە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا پێشتر ئەم قەبارە تەنیا نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ