رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی چالاکڤانێک، هێزە ئەمنییەکان لە شاری کووت، ناوەندی پارێزگای واست، بە هێز بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کردووە و 10 کەسیان دەستگیرکردووە.
خۆپێشاندەران داوای باشکردنی دۆخی کارەبایان دەکرد، کە لە پارێزگاکەدا بەردەوام روو لە خراپبوونە.
حوسێن جەبار، یەکێک لە چالاکڤانەکانی پارێزگای واست، ئەمڕۆ شەممە، 27ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی خراپبوونی دۆخی کارەباوە، چەند رۆژێکە لە شاری کووت خۆپێشاندان دەستی پێکردووە و گرژیی دروستبووە. هێزێکی ئەمنی لە بەغداوە هاتوونەتە کووت و دوێنێ هەینی، بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، "10 کەس لە خۆپێشاندەران و چالاکڤانان دەستگیرکران. چواریان ئازاد کران و شەش کەسەکەی دیکەیان رەوانەی بەغدا کران. هێزە ئەمنییەکان بەڵێنیان داوە بەهۆی پشووی فەرمییەوە، سبەی یەکشەممە ئەو شەش کەسەش ئازاد بکەن."
ئەو چالاکڤانە ئاماژەی بەوە کرد: "پارێزگای واست لە رێگەی وێستگەی زبێدییەوە 2500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت، کەچی ئێستا تەنیا کاژێرێک کارەبای نیشتمانیمان هەیە، لە کاتێکدا پێشتر دوو بۆ سێ کاژێر کارەبا هەبوو".
هاوکات سەجاد سالم، سەرۆکی ئەنجوومەنی ماف و ئازادییەکان و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵانیان لە سەنتەری شاری کووت دەست پێکردووە.
ئەنجوومەنی ماف و ئازادییەکان لە 16ی ئایاری 2026 بە دەستپێشخەریی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ و بە بەشداریی زیاتر لە 100 رێکخراو و چالاکڤان و پسپۆڕی یاسایی دامەزراوە.
سەجاد سالم رایگەیاند: "لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە، هێزە ئەمنییەکان بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە دەستیان بە گرتنی خەڵک کردووە. خۆپێشاندانەکان بەهێز بڵاوەیان پێ کراوە و دەیان کەس بریندار بوون و زیان بە موڵک و ماڵیان گەیشتووە."
بەپێی سەجاد سالم، تاوەکو ئێوارەی رۆژی هەینی دەستگیرکردنی شەش خۆپێشاندەر پشتڕاست کراوەتەوە، کە پارێزەرێکیشیان تێدایە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر نزیکەی 10 ماڵ، لەوانە ماڵی مامۆستایەکی زانکۆ کە بەشداریی لە خۆپێشاندانەکاندا کردووە.



