رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گڕگرتن و سووتانی هۆڵی بۆنەکانی قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، 93 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون، بەشێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆکن و چارەسەری تەندروستییان بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-9-2023، عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەتی عێراق و شاندێکی پەرلەمان، گەیشتە پارێزگای نەینەوا و سەردانی قەزای حەمدانییەی کرد بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە وردەکاریی رووداوی سووتانی ئەو هۆڵەی حەمدانییە.
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، "ئەمڕۆ شاندێکی حکومی و پەرلەمانیی گەورە هاتووین بۆ نەینەوا بۆ بەدواداچوونی ئەو رووداوە دڵتەزێنەی کە شەوی رابردوو لە قەزای حەمدانییە روویدا، لە راستیدا هۆڵەکە هیچ خەسڵەتێکی دروستی و ئاسایشی تێدا نەبووە، بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە بنمیچی هۆڵەکە بەخێرایی گڕی گرتووە و کەوتووەتە سەر ئەو کەسانەی لە هۆڵەکەدا بوون. ئێستا بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی نەینەوا، 93 کەس شەهیدبوون و زیاتر لە 100 برینداریش هەن."
بەشێک لە بریندارانی رووداوەکە گواستراونەتەوە بۆ هەولێر و دهۆک. لەوبارەوە وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی، 21 بریندار لە دهۆکن، بەشێکی دیکەی بریندارەکان بۆ پارێزگای هەولێر گواستراونەتەوە و گوتی، "بەشێک لە بریندارەکان کە 9 کەسن، دۆخی تەندروستییان مەترسیدارە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی هەوڵی زۆر بۆ فریاکەوتن و چارەسەرکردنیان دەدەن کە لە توانای خۆیان زیاتر هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا تەندروستیی نەینەوا کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردووە."
وەزیری ناوخۆی عێراق باسی لەوە کرد، لە بەغداوە سەرجەم پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکان بۆ تەندروستیی نەینەوا و قەزای حەمدانییە نێردراون و دۆخەکە لە نەخۆشخانە بەتەواوەتی کۆنترۆڵکراوە.
لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و بەسزاگەیاندنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون، عەبدولئەمیر شممەری رایگەیاند، "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە و هۆکارەکانی پێکهێناوە، ئەوانەی کەمتەرخەم بوون سزای خۆیان وەردەگرن، لیژنەکە ناوەندی و هاوبەش دەبێت لەلایەن هەواڵگری و بەرگریی شارستانی و پۆلیس و لە زووترین کاتدا ئەرکەکانی تەواو دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ