رووداو - دهۆک
بۆ لێپرسینەوە لە پارێزگارەکەیان و لادانی، 13 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە. سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "هەوڵەکە سەرناگرێت"، بەڵام ئەندامە کوردەکانی نێو هەڵمەتەکە گەشبینن کە بتوانن پارێزگار لابدەن.
13 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لەسەر "گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی" دەیانەوێ لێپرسینەوە لەگەڵ نەوفەل حەممودی-ی پارێزگاردا بکەن. شێخ عەبدولرەحمان وەگاع، سەرۆکی کوتلەی مەدەنیە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە (رووداو)ی گوت "پارێزگار زۆر فاشیلترە لەوەی پێشوو و دنیایەک گەندەڵیی لەسەر هەیە. بۆنموونە دۆسێی دیارنەمانی 11 ملیار دیناری مووچەی دوو مانگی کارمەندانی تەندروستیی نەینەوای لەسەر ساخبووەتەوە. هەروەها گەندەڵیی کردووە لە کەیسی کڕینی کەلوپەل و خواردن و مووچەی کارمەندانی پەروەردەدا".
سەرۆکی لیستی مەدەنییە دڵنیایە لەوەی کە لە 13 دەنگی لێپرسینەوەوە، دوای لێپرسینەوە دەبنە 20 دەنگ کە پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە پارێزگار. ئەو دەڵێت: "پارێزگارێکمان هەیە ئێستا براکەی ئەمیری داعشە و یەک لێدوانى نەداوە کە ئینکاری بکات و خۆی لێ بێبەری بکات". بەڵام بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە ( رووداو)ی گوت: "راستە ١٣ ئەندامی ئەنجوومەن داوای لێپرسینەوەیان لە پارێزگار کردبوو، بەڵام ئەندامێک واژۆکەی کشاندووەتەوە و بەپێی پەیڕەویش دەبێ بۆ لێپرسینەوە لە 13 ئەندام کەمتر نەبن".
سەبارەت بەوەی کە راستە ئەندامی کوردیش لەنێو ئەو کەسانەدان کە واژۆیانکردووە؟ کیکی گوتی: "بەڵێ کوردیشی تێدان، بەڵام ئەستەمە هەوڵەکەیان سەرکەوتووبێت". بۆ وەڵامی کیکی، سەرۆکی لیستی مەدەنیە گوتی: "ئەندامێکمان تەحەفوزی لەسەر واژۆکەی هەبوو، بەڵام دوای کوبوونەوەیەک لەگەڵی، ئەمڕۆ قەناعەتی هێنا و رۆژی دووشەممە هەر 13 واژۆکە دیسان دەدەینەوە سەرۆکی ئەنجوومەن".
(رووداو) زانیویەتی کە هەرسێ ئەندامە کوردەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە لیستی 13 واژۆکارەکەدان، بەڵام هیچیان بەردەست نەبوون بۆئەوەی لەوبارەیەوە قسەی بۆ (رووداو) بکەن.
پارتی و یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لیستێکی هاوبەشیان بەناوی (لیستی برایەتی و پێکەوەژیان) هەیە. سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی لیستەکە، بە (رووداو)ی گوت: "ئەو برادەرانەی یەکێتی بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە ئەو هەوڵەیانداوە". ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەن، کە پێی باش نەبوو ناوی ئاشکرابکرێت، بە (رووداو)ی گوت: "ئەوەی روودەدات هەوڵێکی دیکەی نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق و رکابەری حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیرانە، کە بۆ تێکدانی یەکدەنگی بۆ پاشخستنی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دەیدات"، چونکە وەک ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن باسیدەکات: "مالیکی نایەوێ لەسەر دەستی عەبادی مووسڵ کۆنترۆڵ بکرێتەوە. بۆیە هەرچی پێیبکرێت دەیکات بۆئەوەی لەمپەر دروستبکات".
بەڵام عەبدولرەحمان وەگاع ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ پەیوەندییەکی حیزبایەتی و کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ مالکی نییە و پێشموایە ئەندامانی پارتی پشتگیریی هەوڵە رەواکەمان دەکەن، کە وەک دەزانن ئەوان لەگەڵ مالیکی پەیوەندییان خراپە".
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، وا بڵاوکرایەوە کە پارێزگاری نەینەواش هەوڵی لەکارخستنی ئەنجوومەن دەدات، بەڵام نەوفەل حەمموودی، پارێزگاری مووسڵ، بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەوانە تەنیا قسە و پڕوپاگەندەن و ئامادەم بۆ هەر لێپرسینەوەیەک. هیچ هەوڵێکیشم نەداوە بۆ بێ نرخکردن و لەکارخستنی ئەنجوومەنی پارێزگا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ