دانیشتووانی گوندی عێراقییەی بەغدا رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
رووبەڕووبوونەوەی دانیشتووانی گەڕەکێکی بەغدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان
رووبەڕووبوونەوەی دانیشتووانی گەڕەکێکی بەغدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتوانی گوندی عێراقییە لە ناوچەی عامرییە بەغدا لەگەڵ هێزێکی ئەمنی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. 
 
بە گوتەی دانیشتوانی گوندی عێراقییە رووبەڕووبوونەوەکە دوای ئەوە روویداوە، کە چەند کەسێک خۆیان بە وەبەرهێنەر ناساندووە و بە پشتیوانی هێزێکی ئەمنی، چوون تاوەکو لە رێگەی دروستکردنی پرۆژەیەک لەسەر ماڵ و حاڵیان دەربەدەریان بکەن. 
 
ئەبو نەوار، دانیشتووی گوندی عێراقییە بە رووداوی گوت "تەنیا دەمەوێت ئەوە بڵێم زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی بەیان لەم خەڵکە زیاترن کە لێرەن، لە منداڵ و ژن و بەتەمەن و شێخ. لەبەر دروستکردنی رێگەیەک، دەیانەوێت گەڕەکەکە هەڵگرن بۆ ئەوەی رێگە بۆ زانکۆکە دروست بکەن و قەرەباڵخی ناوچەی عامرییە کەم بکەنەوە، دێن ئەم گەڕەکە بەتەواوی دەڕووخێنن، بۆ؟ لەبەر وەبەرهێنەرێک! باشە ئەو وەبەرهێنەرە سوود دەبینێت؛ ئەی ئێمە بۆ کوێ بچین؟''
 
دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن وەبەرهێنەرەکان وەک قۆناخی یەکەم، دەیانەوێت رێگەیەک بەنێو گەڕەکەکەدا دروست بکەن بۆ بەردەم زانکۆی ئەمریکی لە بەغدا، پاشان گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل دروست بکەن، دواتریش پرۆژەی دیکەی لەسەر بونیاد بنێن.
 
ئەیسەر شەمەری، دانیشتوویێکی دیکەی گوندی عێراقییە دەڵێ "وەبەرهێنەرێک ئەم نووسراوەی هێناوە، کە تەنیا داواکارییە؛ دەڵێت ئەمە رەزامەندییە، بەڵام راست نییە و تەنیا داوکارییەکە و سەرۆکوەزیرانیش هیچی لەسەر نەنووسیوە."
 
هەروەها گوتی، وەبەرهێنەرەکە "دەوێت ئەم رێگەیە وەرگرێت دواتر رێگەی هاتن و چوونی لەسەر دروست بکات، بیبەستێتەوە بە زانکۆی ئەمریکی و لەوێش گۆڕەپانەکە وەرگرێت، دواتریش حوسێنییەکە و قوتابخانەکەش بۆ خۆی ببات و، پرۆژەی لەسەر دروست بکات، لێرە زیاتر لە 150 خانووی لێیە و ئەوانش بەکاربهێنن."
 
دانیشتوویەکی دیکەی گوندی عێراقییە بەناوی عەلا کازم دەڵێ "بۆ خاتری ئەمینی موئمنین دەنگمان بگەیەنن، داوا تەنیا لە موقتەدا سەدر دەکەین ئەم کێشەمان بۆ چارەسەر بکات. موقتەدا سەدر ئەمانەی ئێرە هەمووی کەسوکارتن، دانشتووانی ئێرە هەمووی رەوتی سەدرین بۆیە رقیان لێمان دەبێتەوە؛ ئەمانەی ئێرە هەمووی خۆشەویستی تۆن بەڵام حیزبەکان هاتوون و دەیانەوێت لێرە دەربەدەرمان بکەن، چونکە وێنەی تۆمان هەڵواسیوە."
 
ئەم کۆمەڵگەیە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە، بەڵام لە دوای 2003ـوە خەڵک بە زێدڕۆ لێی نیشتەجێبوون،
 
رووداو پەیوەندیی بە شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان کرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ شتێکی لەسەر بڵێن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە