رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق بە نووسراوى فەرمى داوا لە ئەنجوومەنى وەزیرانى فیدڕاڵ دەکات دەستەى گەرەنتى مافى هەرێم و پارێزگاکان پێکبهێنرێت کە 10 ساڵە یاساکەى دەرچووە. بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارەى داواکارییەکەى پێشکێش کردووە، پێکهێنانى دەستەکە مافەکانى هەرێمى کوردستان دەپارێزێت و هاوسەنگى بۆ پۆستەکان دەگەڕێنێتەوە.
ئەو داواکارییە بە نووسراوى فەرمى لە 20ى ئەیلوولى 2026، و بە واژۆى فەرهاد ئەترووشى، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ئاراستەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کراوە.
لەو نووسراوەدا کە دەست رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە "ماوەیەکى زۆر" بەسەر بڵاوکردنەوەى یاساى دەستەى گشتى گەرەنتى هەرێم و پارێزگا نارێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا تێپەڕ بووە و هیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەوەى ئەنجوومەنى وەزیران رێنماییەکانى جێبەجێکردنى ئەو یاسایە دەرنەکات کە لە ماددەى 6ى یاساکەدا هاتووە کە دەبێت دەست بە دامەزراندنى دەستەکە بکرێت.
لە بەشێکى دیکەى نووسراوەکەدا هاتووە: "پەرۆشى بەردەوامتان بۆ گرنگى رێکخستنى پەیوەندى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێم و پارێزگاکان جێگەى پێزانینە، داواتان لێدەکەین پەلە بکەن بە کاراکردنى مادەکانى ئەم یاسایە و دامەزراندنى ئەو دەستە گرنگە و لەوبارەیەوە ئاگادارمان بکەنەوە".
ئەو داواکارییە لەسەر بنەماى نووسراوێک بووە کە دانەر عەبدولغەفار، ئەندام و گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کردووە.
دانەر عەبدولغەفار بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "زیاتر لە 72 واژۆى پەرلەمانتارانم بۆ ئەو داواکارییە کۆکردووەتەوە و پێکهێنانى ئەو دەستەیە پشتى بەستووە بە مادەى 105ى دەستوور و خودى یاساى دەستەى گشتیى گەرەنتى مافى هەرێم و پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا".
ئەو یاسایە لە ساڵى 2016 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کراوە و لە 19ى ئەیلوولى هەمان ساڵ لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکراوەتەوە و کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام 10 ساڵە دەستەکە پێکنەهێنراوە.
بەگوتەى دانەر عەبدولغەفار، پێکنەهێنانى پەیوەندیدارە بەوەى کە رێنمایی لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بۆ دەرنەکراوە.
بەگوێرەى ئەو یاسایە، پێکهێنانى دەستەکە بۆ گەرەنتیکردنى مافى هەرێم و پارێزگاکان دەبێت لە بەشداریکردنى دادوەرانە لە بەڕێوەبردنى دامەزراوەکانى دەوڵەت و نوێنەرایەتى دیپلۆماسى و ناردنیان بۆ کۆنفرانسە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان.
دەستەکە لە نوێنەرى 13 وەزارەت و دامەزراوەى حکومەتى فیدراڵى و نوێنەرێکى هەرێمى کوردستان پێکدێت، کە لەلایەن پەرلەمانەکەیەوە دیاریدەکرێت.
دانەر عەبدولغەفار رایگەیاند، پێکهێنانى ئەو دەستەیە رۆڵى دەبێت لە پاراستنى مافەکانى هەرێمى کوردستان و هێنانەکایەى هاوسەنگى لە بەڕێوەبردنى پۆستەکان.
لە مادەى 105ى دەستوورى عێراق هاتووە، ئەو دەستەیە پێکدەهێنرێت لەپێناو بەشدارییەکى دادوەرانە لە بەڕێوەبردننى دامەزراوە فیدراڵییەکان دەوڵەت و نوێنەرى هەرێم و پارێزگاکانى تێدا دەبێت.




