رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا دەکات و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بەردەوامن.
ئەرمان تۆپچو ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە وەک تورکیا کار بۆ ئەوە دەکەین هەموو گەلان لەناو ئارامی، ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بژین. لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانمان لەم پێناوەدا کار دەکەین."
ئەو قسانەی کۆنسووڵی تورکیا، لە رێوڕەسمێکدا بوو لە کفری، دوای ئەوەی دەزگای روانگە قوتابخانە و باخچەیەکی ساوایانی نۆژەنکردەوە و دوێنێ بە فەرمی کرایەوە.
ئەو قوتابخانەیە، تاکە قوتابخانەیە لە سنووری گەرمیان، خوێندن تێیدا تورکمانییە.
کۆنسووڵی گشتیی تورکیا باسی لە سەردانەکەی و بەشداریی شاندی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە دیارەکانمان لە هەولێرەوە هاتینە ئێرە. نوێنەری وەقفی مەعاریفی تورکیا لە عێراق کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی سیستمی پەروەردەی تورکی لە دەرەوەی وڵات، هەروەها نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانیمان لە نێوانماندان و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەکان و کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەدەن."
ئەرمان تۆپچو جەختی لە گرنگیی بەها پەروەردەیییەکان کردەوە و رایگەیاند: "هیوای ساڵێکی پر لە سەرکەوتن بۆ ئەو منداڵانە دەخوازم کە لەم قوتابخانەیەدا دەخوێنن، هەروەها بۆ کەسوکار و مامۆستایانیان. ئومێدەوارم لەگەڵ ئەو پەروەردەیەی وەریدەگرن، لە کاتێکدا ناسنامە و کولتووری خۆیان دەپارێزن، ببنە گەنجێک بەرگری لە بەها گەردوونییەکانیش بکەن و بۆ داهاتووی وڵات و ناوچەکەیان کار بکەن."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا بڕگەیەکی لە شیعرێکی کولتووریی ناوچەکە خوێندەوە: "دەشتی کفری درێژ دەبێتەوە، دڵ سەرکەوتن بۆ یار بەدەستدەهێنێت؛ ئەوانەی لە کفری دادەبڕێن، شەو و رۆژ دەناڵێنن."
دەقی گوتاری کۆنسووڵی گشتیی تورکیا:
لەگەڵ هەموو گەلاندا لەناو ئارامی، ئاشتی، ئاسایش، خۆشگوزەرانی و تەندروستیدا بن. ئێمە وەک تورکیا، خوا شاهیدە، لەم پێناوەدا کار دەکەین. لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانمان. کاتێک لە هەولێرەوە دەهاتین، لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوە زۆر بەڕێز و هەڵبژێردراو هاتینە ئێرە. دەمەوێت زۆر بە کورتی بڵێم، لەنێوانماندا نوێنەری وەقفی مەعاریفی تورکیا لە عێراق، مامۆستا عەلی بەڕێز ئامادەیە، مامۆستا ئەگەر سڵاوێکیان لێ بکەی. خودی خۆی نوێنەری دامەزراوەی مەعاریفە کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی سیستمی پەروەردەی تورکی لە دەرەوەی وڵات، نوێنەرە زۆر بەڕێزەکانی وەزارەتی بازرگانیمان لە نێوانماندان. خودی ئەوانیش هۆکارێکن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پەیوەندییەکان، پەیوەندییە بازرگانییەکان و کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراق. لە وەزارەتی دەرەوەمان.. هەموومان هەر لە وەزارەتی دەرەوە هاتووین. بەڕاستی زۆرمان خۆشدەوێن. هیوای ساڵێکی پر لە سەرکەوتن بۆ ئەو منداڵانەمان دەخوازم کە لەم قوتابخانەیەدا دەخوێنن و پەروەردە دەبن، هەروەها بۆ کەسوکاریان و مامۆستایانیان. ئومێدەوارم لەگەڵ ئەو پەروەردەیەی لەم قوتابخانەیەدا وەریدەگرن، لە کاتێکدا ناسنامە و کولتووری خۆیان دەپارێزن. ببنە گەنجێک کە بەرگری لە بەها گەردوونییەکانیش بکەن و بۆ داهاتووی وڵات و ناوچەکەیان کار بکەن. زۆر زۆر سوپاسی یەکە بە یەکەتان دەکەم. زۆر زۆر سوپاس. دەمەوێت وتارەکەم بە شێعرێکی تایبەت کۆتایی پێ بهێنم: "دەشتی کفری درێژ دەبێتەوە، دڵ سەرکەوتن بۆ یار بەدەستدەهێنێت ئەوانەی لە کفری دادەبڕێن، شەو و رۆژ دەناڵێنن. زۆر سوپاس، ساغ بن.



