بەرپرسێک لە پارێزگای ئەنبار: رێکاری تووند بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی داعش گیراوەتەبەر

27-07-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێک لە سنووری پارێزگای ئەنبار دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان رێکاری تووندیان بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ نێو خاکی عێراق لەسەر سنوور گرتووەتەبەر. 
 
لەیس شەمەری، بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید لە پارێزگای ئەنبار، رۆژی شەممە 27-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر قەزای رووتبە و ناحییەکانی نییە. هێزێکی زۆری سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەتی لەسەر سنووری سووریا، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش لەنێو سووریاوە".
 
لە ساڵی 2018 لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق دەست بە دروستکردنی دیوارێک بە بەرزیی 3 مەتر لەگەڵ سنووری سووریا کرا. 
  
بەڕێوەبەری ناحیەی وەلید گوتی، "چەکدارانی داعش لە قووڵایی بیابانی ناوچەکەدا هەن، بەڵام ژمارەیان زۆر نییە و جموجووڵیان سنوودارە"؛ گوتیشی، جاروبار هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن.
 
قەزای رووتبە گەورەترین قەزای عێراقە لە رووی رووبەرەوە و ناحیەکانی بریتین لە وەلید و نخێت و 300 کیلۆمەتر لە روومادی سەنتەری پارێزگاری ئەنبارەوە دوورە و لەگەڵ ئوردن، سووریا و سعودیە هاوسنوورە.
 
باشووری کوردستان و عێراق زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە. 
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا لە 22ـی تەممووزدا هۆشدارییەکی ئاراستەى دەزگە ئەمنییەکانى پارێزگاکەی کرد و هۆشداری پێدان لە هەوڵى دزەکردنى 470 ئەندامى داعش لە سووریاوە بۆ نێو عێراق. 
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا گوتی، چەکدارەکان بەشێکن لەو 1200 چەکدارە عێراقی و بیانییانەى لە 21ـی تەممووز لەلایەن هێزەکانى سووریا دیموکرات (هەسەدە) بە لێبووردنى گشتى ئازادکران.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە ساڵی 2023دا 13 هەزار و 80 کەس دەستگیر کراون کە هەوڵیانداوە لەنێو سووریاوە بێنە نێو عێراق.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو 470 چەکدارەی داعش زۆرینەیان خەڵکى موسڵن و لە دواى کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە ساڵى 2017 چوونە سووریا و لەوێ دەستگیرکران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.