رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەسندکردنی یاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە پەرلەمانی عێراق، لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەوە دەربڕی و دەڵێت: "ئەوە یاسایە ئازادی رادەربڕین دەخاتە مەترسییەوە" و ژینگەیەکی دژ بە جووەکانیش دروستدەکات.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 26-5-2022، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی 'یاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل'، کە رۆژی پێنجشەممە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسندکرا، بڵاوکردەوە.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەست بەنیگەرانییەکی زۆر دەکات لە پەسندکردنی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان دەناسێنێت، ئەم یاسایە ئازادی رادەربڕین دەخاتە مەترسییەوە و گەشە بە ژینگەی دژ بە جووەکان دەدات، هەروەها بەشێوەیەکی روون دژ بەو پێشکەوتنانەیە کە دراوسێیەکانی عێراق لە رێگەی دروستکردنی پردەکانەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بەدەستیانهێناوە، لەگەڵ دەرفەتی نوێ بۆ خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی ناوچەکە."
لە راگەیێنراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رۆڵی وەکو هاوبەشێکی بەهێز و جێگیر لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، لەنێویدا لە رێگەی پشتیوانیکردنی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێیەکانی لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و گەشەپیدان بۆ هەمووان."
26ـى ئایار، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 276 ئەندام دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل دا. یاساکە لەلایەن بەشێکی پەرلەمانتارانەوە بە "سەرکەوتنی مەزن" لێکدرایەوە. بەشێک لە سەرکردە شیعە مەزهەبەکانی عێراق پشتیوانی خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق نیشاندا و یاساکەیان بە رێگەگرتن لەو کەسانە ناوزەند کرد، کە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەعێراق چ لەسەر ئاستی فەرمی یان نافەرمی بێت، ئاسایی بکەنەوە.
هەرچەندە یاساکە لەلایەن هیچ بەرپرس یان پەرلەمانتار و لایەنێکی عێراقییەوە دژایەتی نەکراوە، بەڵام لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکاران و پسپۆڕانی یاساییەوە تێبینیی لەسەردراوە.
پڕۆژەیاساکە لە 24ــى نیسانى 2022 لەلایەن فراکسیۆنى سەدر پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرابوو و 11ـى ئایارى 2022 لە پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا.
دوای پەسندکردنى پرۆژەیاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا داواى لە هاووڵاتيان كرد نوێژی سوپاسگوزاری بکەن و بچنە سەر شەقامەکان و ئاهەنگ بگێڕن.
یاساکە رێگرى لە هەموو جۆرە پەیوەندییەک دەکات لەگەڵ ئیسرائیل بە هەر شێوەیەک بێت؛ دروستکردنى ئەو پەیوەندییە لەلایەن هاووڵاتیانى عێراقى ناوەوە یان دەرەوەى عێراق بێت، یان بەرپرسانى مەدەنى و سەربازی بێت، یان ئەو بیانییانەى، کە لە عێراق نیشتەجێن.
سزای ئەو کەسانەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دادەنێن، بە گوێرەی یاساکە بەندکردنی تاهەتایی و لە سێدارەدانیش دەگرێتەوە.

.png&w=3840&q=75)

