سوودانی بەردی بناخەی 40 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی لە موسەننا دانا

27-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پارێزگای موسەننای کرد و دەستپێکردنی چەند پڕۆژەیەکی لە سنووری ئەو پارێزگایە راگەیاند.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سوودانی لە سەردانەکەیدا، "دەستپێکردنی کارکردن لە پڕۆژەی وێستگەی کارەبای گازیی سەماوە، بە توانای 250 مێگاوات و رێگەپێدان بە نوێکردنەوەی لقی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکەی راگەیاندووە."
 
سوودانی لە سەردانەکەیدا بەردی بناخەی دەستپێکردنی کارکردنی پڕۆژەی شاری نیشتەجێبوونی غەدیر ی داناوە کە 40 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت. لەگەڵ دەستپێکردنی کارکردن لە پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی خزر-ی 100 قەرەوێڵەیی.
 
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی کردنەوەی هێڵی ئاسنینی حیجامە - سەماوە و سێ پردی کۆنکرێتی راگەیاندووە، لەگەڵ دەستپێکردنی کارکردن لە پڕۆژەی کۆمەڵەی کۆمپانیای ئەنعام بۆ بازرگانی و سامانی ئاژەڵ. ئەمە جگە لە کردنەوەی کارگەی بەرهەمهێنانی مادەخۆراکییەکان و کارکردن لە پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵان و لە قوتووکردن لە قەزای نەجمی و دەستپێکردنی کارکردن لە پڕۆژەی تەواوکردنی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی سووبی بچووک لە قەزای سەماوە.
 
سوودانی بەردی بناخەی پڕۆژەی زانکۆی لانکەی شارستانی (مەهد حەزارات)ـیشی لە موسەننا دانا.
 
هەروەها کارکردن لە 7 پڕۆژەی ژێرخان لە پارێزگای موسەننا بە گوژمەی 736 ملیار دینار کە بریتیین لە، پڕۆژەی نەخۆشخانەی قەزای رومێسەی 200 قەرەوێڵەیی، پڕۆژەی رێگەوبان، دیزاینکردنی پڕۆژەی ئاوەڕۆ بۆ قەزای خزر، نوێکردنەوەی وێستگەی کارەبای قەزای وەرکا، هیلال، نەجما و سوەیر.
 
موسەننا کە دەکەوێتە باشووری عێراق، لەڕووی رووبەرەوە دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە، بەگوێرەی دوایین سەرژمێریش دانیشتووانەکەی سەروو یەک ملیۆن کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە