رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق دەستی بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قەیرانە سووتەمەنییەی بەم دواییە دروست بوو هیچ پاساوێکی نییە، بۆیە واژۆی بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری نەوت کۆدەکەنەوە، دواتریش نووسراوی ئەو مەبەستە پێشکێشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.
بە گوتەی حوسێن شەیحانی، سادیقوون لێپرسینەوە لەگەڵ هەر وەزیرێک دەکات کە کەمتەرخەم بێت، چونکە ئەوە مافێکی دەستوورییە.
هاوکات قەیسەر جۆرانی، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، فراکسیۆنەکەیان لێپرسینەوە لە باسم محەممەد حەزەیر عەبادی، وەزیری نەوت دەکات و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 60 واژۆیان کۆکردووەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، لێپرسینەوەکە پاڵپشتە بە ژمارەیەک دۆسیەی تایبەت بە "شکست"ی وەزارەتەکە و کەمتەرخەمی لە چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی، کە کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر هاووڵاتییان و کەرتی بەرهەمهێنان.
لەبارەی قەیرانی سووتەمەنی بە دیاریکراویش بەنزین، دوێنێ یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، پەرلەمانی عێراق میوانداری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتەکەی کرد.



