وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا: کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان دەکەین

26-12-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا کۆبوونەوە و باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چەند پرسێکی دیکەی هاوبەش کرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو وەزیرانی ناوخۆی عێراق و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ و شاندێکی یاوەری کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراوانیان لەگەڵ یەرلی کایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشنی ئەمنیی واژۆکراوی نێوان هەردوولا و کاری لیژنە هاوبەشە جێبەجێکارەکان کرا".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی عێراق، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕکردنی داواکراوان، بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، تاوانی رێکخراو و بەقاچاخبردن لە سنوورەکان کراوە".
 
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وەزارەتەکانی ناوخۆی هەردوو وڵات و ئاڵوگۆڕی هەواڵ و زانیاری کراوە، لەپێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات.
 
نیسانی ئەم ساڵ، تورکیا و عێراق 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە چەندین بواری جیاوازدا واژۆکرد.
 
رۆژی 2ـی ئایار، سەرۆکوەزیرانى عێراق بڕیارى پێکهێنانى حەوت لیژنەی دا بۆ بەدواداچوونى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژى لەگەڵ تورکیا. بۆ جێبەجێکردنى یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنەکانیش دوو هەفتە دیاریکرا بۆ ئامادەکردنى پلانى کار بۆ هەر دۆسیەیەکیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە