رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی رەزامەندی وەزارەتەکەیان و وەزازەرەتی ناوخۆی نەبێت دادەخرێت.
شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کەس و لایەنێک بیەوێت کەناڵی تەلەڤزیۆنی دابمەزرێنێت دەبێت سەرەتا داواکاری پێشکێشی ئێمە بکات، ئێمە بە نووسراو داوای رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ دەکەین و دەبێت هەردوو لا پەسندی بکەن پاشان مۆڵەت وەردەگرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیری گوتیشی، هەندێک کات وەزارەتی ناوخۆ درەنگ وەڵامی نووسراو دەداتەوە، بۆیە ئەوان مۆڵەتی کاتی دەدەنە کەناڵەکە کە چەند مانگێکە تاوەکو وەڵامی وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە.
شێروان عەوڵا گوتی، ئەمساڵ چەند کەناڵێکیان داخستووە کە کەموکورتی لە مۆڵەتیان هەبووە، یان مۆڵەتی عێراقیان هەبووە و لە هەرێمی کوردستان نەیانبووە. گوتیشی: "بەشێکی کەناڵەکان رێکارەکانیان گرتەبەر و کرانەوە، لەوانە کەناڵی یەکگرتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا سێ کەناڵ بە داخراوی ماونەتەوە".
بەگوێرەی وەزارەتی رۆشنبیریی 170 کەناڵی تەلەڤزیۆنیی لە هەرێمی کوردستان هەن و دابەشی سەر سێ جۆر بوون. لەنێویاندا 35 کەناڵی ئاسمانی، نزیکەی 125 کەناڵی نێوخۆیی بۆ شار یان پارێزگایەک یان سەرتاسەری بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان پەخش دەکەن.
جگە لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، زیاتر لە 1600 دەزگای راگەیاندن لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون؛ زیاتر لە هەزاریان رۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ