رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان دەکات، پەرلەمان کارا بکەنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم ببرێتە نێو هۆڵی پەرلەمان.
لە راگەیێندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی کە رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردووەتەوە، رایدەگەیێنێت کە کاتێک کۆبوونەوە، سەردان و پەیامەکان بێ ئاکام دەبن، پێویستە گفتوگۆکان لە شەقام و راگەیاندنەکانەوە ببرێنە سەر مێزی گفتوگۆ.
پارتی بە راشکاوی داوا لە سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمان دەکات، چ ئەوانەی کورسییان زۆرە و چ ئەوانەی کورسییان کەمترە، پەرلەمان کارا بکەنەوە. لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە: "پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، هەموو لایەکمان پابەندی ئەو رێگەچارەسەرە بڕیارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان بین."
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژە بەوە دەکات کە دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لە سۆنگەی خەمخۆرییانەوە هەوڵیان داوە دامەزراوە شەرعییەکان بەگوێرەی یاسا کارا بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین سیناریۆ و رێگەچارەیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم خستووەتەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە دا، مەکتەبی سیاسیی پارتی تیشک دەخاتە سەر دەستپێشخەرییەکان و دەڵێت: "سەرەڕای پەیام و پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتیمان بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە، بە کۆبوونەوەی دووقۆڵی و چەندقۆڵی، دەستپێشخەری، پێکهێنانی شاند، بەڵام بەداخەوە بەدەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنیی پێویست بەرچاو نەکەوت."
هەروەها پارتى هۆشداری دەدات لەبارەی دۆخی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و دەڵێت، بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی پێویست دەکات هەرچی زووتر رێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بدۆزرێتەوە، چونکە بەردەوامبوونی ئەم چەقبەستووییە "جگە لە زیانگەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکانمان، بۆ هیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت."
مانگێک لەمەوبەر و لە رۆژی 26ـی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و وەک دەستپێشخەرییەک، داوای لە لایەنەکان کرد کۆتایی بە ململانێ بێ ئەنجامەکان بهێنن.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی کردبوو، رایگەیاندبوو: "هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن، واز لەو ململانێ بێ ئەنجامە و ئەو خۆخۆرییە بهێنن کە ماوەیەکە پرۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت."


