رووداو دیجیتاڵ
کەسێکی زۆر نزیک لە فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی لە ریزەکانی یەکێتی پێشکێش کردووە.
فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا.
رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، ئەو کەسە نزیکەی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە رووداوی گوت، "ئەمە بڕیارێکی دەستەجەمعیی بنامەڵەکەیەتی و تەنیا خۆی بڕیاری نەداوە، بۆ ئەوەیە کە دووربن لە کاری حیزبی."
کوڕێکی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، بە ناوی محەممەد فەیسەڵ کەریم خان، ئێستا ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتییە لە پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی چارەنووسی حیزبیی محەممەد، ئەم کەسە نزیکەی بە رووداوی گوت، "ئەویش بەشێک دەبێت لە بڕیاری بنەماڵەکەیان، بەڵام هێشتا ئەو پەرلەمانتارە بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی کاری سیاسی لە پەرلەمان نەداوە."
بۆ بەدواداچوونی زیاتر، رووداو پەیوەندیی کرد بە پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی و لە وەڵام دا گوتی: "تاوەکو ئێستا نەمزانیوە هیچ نامەیەکی دەستلەکارکێشانەوە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نێردرابێت و هیچ نووسراو و نامەیەکی فەرمی لەوبارەیەوە نییە."
پۆڵا تاڵەبانی گوتیشی: "ئەم بابەتە زیاتر لە سۆشیاڵ میدیا ورووژێنراوە، ئەگەر نامە بۆ نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی نێردرابێت، ئەوا بڕیاری لەلای بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دەبێت، بەڵام نەمزانیوە نامەی دەست لەکارکێشانەوەی دابێتە سەرۆکی یەکێتی."

.jpg&w=3840&q=75)