رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان راگرتووە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26.10.2024، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان بۆ کاتێکی نادیار راگرتووە.
رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی گەشتی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق راگیراوە، ئەمە لەپێناو سەلامەتیی گەشتیارانە لەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە ناوچەکە روودەدەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دوای هێرشەکانی ئیسرائیل دێت بۆ سەر تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە لە ئێران و سووریا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا."
هەگاری گوتی: "رژمێی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بێووچان لە حەوت بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە نێویاندا هێرشی راستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە."
شۆن ساڤێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رایگەیاند: "هێرشە ئامانجدارەکانی سەر پێگە سەربازییەکان بەرگری لەخۆکردن بوو."
ساڤێت هەروەها رایگەیاند: "هێرشەکان لە وەڵامی هێرشەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستی لە 1ـی ئۆکتۆبەر کردییە سەر ئیسرائیل."
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە دەنگی شەش تەقینەوە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە بیستراون.
ئێران لە 1ی تشرینی یەکەم، نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیی بە ئیسرائیلەوە نا بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەڕالێکی خۆی، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ