سبەی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات؛ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە

26-04-2024
زیاد ئیسماعیل
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سبەی شەممە دەچێتە بەغدا و لەگەڵ هاوپەیمانی بەڕێوەبەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.
 
ئەبو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "رۆژى شەممە، 27ـی نیسان هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعە کۆدەبێتەوە، دواتریش هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کۆدەبێتەوە".
 
بڕیارە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەشدار بێت.
 
بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانى بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستى سەرۆکى پەرلەمانە، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لایەنە پێکهێنەرەکانى حکومەت تێیدا بەشدارن، ئەو کێشانەى پەیوەندیدارن بە پرسی بەڕێوەبردنى حکومەت و دۆسیە هەستیارەکان لە کۆبوونەوەى ئەو هاوپەیمانێتیە یەکلا دەکرێتەوە کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانیش بەشدار دەبێت.
 
رۆژی 24-04-2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەمنزیکانە نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەت کۆدەبێتەوە.
 
لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، ئەویش بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندنەوەى ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.
 
 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و بۆ جاری دووەم لە ماوەی مانگێکدا بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی هاوپەیمانیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات.
 
لایەنە عێراقییەکان ئەو بەشدارییە بە گرنگ و ئاسانکار بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان دەزانن.
 
هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستای عێراق پێکهاتووە. لایەنە عێراقییەکان پێیانوایە بەشداربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکان بووەتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
 
رەحیم عەبودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە دەڵێت، "هەرچەند ئەم ئامادەبوونانە زیاتر بێت، زۆر شت بەهێز دەکات لەوانە پەیوەندییەکان، جاران پەیوەندییەکان لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی نیمچە پچڕاو بوو تەنانەت لەنێوان چوارچێوە و پارتی دیموکراتی کوردستان. هەموو ئەمانە گۆڕدران بەشێوەیەکی جیاواز هۆکارەکەیشی ئامادەبونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییە".
 
لەگەڵ زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای کرد و گەنگەشەی ئەو کارنامەیەی کرد کە کابینەی سوودانی لەسەری پێکهێنراوە، بەڵام خاڵ و مەرجەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان تێیدا جێبەجێ نەکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە