رووداو دیجیتاڵ
دوای تەنیا چەند کاژێرێک لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی تینوێتیی گوندێکی کرماشان لە رووداو، خێرخوازێکی خەڵکی سلێمانی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی لەسەر ئەرکی خۆی بیرێکی ئاو بۆ گوندەکە لێبدات و کۆتایی بە مەینەتیی 10 ساڵەی دانیشتووانەکەی بهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2026 لە رێگەی رووداوەوە هەواڵی بێئاویی گوندی داری زەنگەنە لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، ئەیوب مەلا محەممەدی کانی عارەبان، کە خێرخوازێکی خەڵکی سلێمانییە و لە هوڵەندا نیشتەجێیە، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆئەوەی تێچووی لێدانی بیری ئاو لە گوندی داری زەنگەنەی کرماشان بگرێتە ئەستۆ.
ئەو خێرخوازە بە رووداوی راگەیاند، لە رێگەی هەواڵێک کە لە پۆرتاڵی رووداو بڵاوکراوەتەوە زانیویانە ئەو گوندەی کرماشان بێ ئاوە و و حەزیان کردووە یارمەتی خەڵکەکە بکەن و ئاو بۆ گوندەکە دابین بکەن.
هاونیشتمانییەک لە گوندی داری زەنگەنەی شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ماوەی 10 ساڵە گوندەکەیان بێ ئاوە و خەڵک ناچارن لە دەرەوەی گوندەکە ئاو دابین بکەن.
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، 10 ساڵە خەڵکی گوندەکە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی گوندەکە بە تایبەتی بێ ئاوی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێک و لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە.
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە خەڵک بۆ دابینکردنی ئاو ناچارن بە پێ یان بە ئاژەڵ دوو کیلۆمەتر ببڕن لە کانیاوێک ئاو بهێنن. گوتیشی هەندێکیان رۆژانە زیاتر لە دوو جار ئەو رێگەیە دەبڕێت بۆ دابینکردنی ئاو.
هاونیشتمانییەکە دەشڵێت: جگە لە بێ ئاوی گوندەکەیان کێشەی نەبوونی گازی ماڵان، ئینتەرنێت، کەمی کارەبا و رێگەو بانی هەیە و داوا لە بەرپرسان دەکەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
خەڵکی گوندەکە دەڵێن، بەرپرسانی حکومەت چەندینجار بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێداون، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێندا ماوەتەوە.
گوندی داری زەنگەنە، لە ناوچەی ئەزگەلەی سەلاسی باوەجانی هەڵکەوتووە و ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 200 کەسە.

.jpeg&w=3840&q=75)

