رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، خەباتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئەو بەهایانە بەڕێوەدەچێت گەریلا دروستی کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئابی 2026 کەجەکە راگەیێندراوێکی نووسراوی لەبارەی یادکردنەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی گەریلاکان لە کەشوهەوای پرۆسەی ئاشتیدا بەڕێوەدەچێت، کە لە قەندیل بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەناسرێت، بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتییان و گەنجان بەڵگەی خاوەندارێتیکردنە لەم پرۆسەیە.
کەجەکە لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، خەباتی 53 ساڵەی رابردوو بووەتە بنەمای رەخساندنی قۆناخی نوێی خەباتی سیاسی، "ئەگەر ئەمڕۆ لە شوێنی ستراتیجیی خەباتی چەکداری، ستراتیجیی خەباتی سیاسی خراوەتەڕوو، ئەوا شەهیدانمان ئەو هەلەیان رەخساندووە. پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پشت بەو دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییانە دەبەستێت کە لەم خەباتە بەردەوامەدا بەدەستهاتوون."
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پرسەی بەکۆمەڵ بۆ ئەو گەریلایانەی پەکەکە لە شارەکانی باکووری کوردستان دانراوە، کە لە ماوەی رابردوودا لە کات و شوێنی جیاواز لە پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا پرسەی بەکۆمەڵی گەریلاکان، بە بەشداریی فراوانی خەڵک و کەسایەتی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچووە.
تاوەکو ئێستا لە شارەکانی ئامەد، وان و ئیستەنبووڵ پرسەی بەکۆمەڵ دانراون و لە چەند رۆژی داهاتووش بڕیارە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی باکووری کوردستان پرسەکان بەردەوام دەبن.
دەقی راگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە:
"لە دەستپێشخەری گەریلایی 15ـی ئابی 1984 تا ئەمڕۆ بە دەیان هەزار گەریلا شەهید بوون، شەهیدبوونی ئەوان بووە ئاوی ژیان بۆ دەمارە وشکبووەکانی خوێنی گەلی کورد. ئەمڕۆ گەلی کورد بە سەربەرزییەوە لەسەر پێیە. گەلی کورد کە لەسەر جێگەی مەرگ خەوێنرابوو، بە ڕێبەرایەتیی رێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ئازادی، ئەمڕۆ بووەتە دیینامیکترین گەلی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوە شەهیدانمان بوون گەلی کوردیان لە چوار پارچەی کوردستاندا گەیاندە ئەم ئاستە. گەلەکەمان چونکە لەم راستییە تێگەیشتووە، بە بەهای پیرۆزییەوە خاوەنداری لە شەهیدانی خۆی دەکات. رێبەر ئاپۆ گوتبووی؛ پەکەکە پارتی شەهیدانە، گەلی کوردیش گەلی شەهیدانە. ئەگەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بۆ ماوەی 53 ساڵ بەبێ پچڕان بەردەوام بووبێ، ئەوە گەریلا کە هێزی فیدایی رێبەر ئاپۆیە تێکۆشانەکەی بەردەوام کردووە. بەردەوامبوونی تێکۆشانی ئازادی بۆ زیاتر لە 50 ساڵ بەبێ پچڕان، وەکو چۆن گۆڕانکاری گەورەی لە کوردستاندا خولقاندووە، بە هەمان شێوە بەهای گەورەشی هێناوەتە ئاراوە. ئەم بەردەوامییە بەهای زۆر گەورەی بە گەلی کورد بەخشیوە. بەم شێوەیەش، ئەو ئاستەی ئەمڕۆ گەلی کورد پێی گەیشتووە ئەنجامی ئەم تێکۆشانە بەردەوامەیە.
یادەوەری بە کۆمەڵ و هۆشیاری گەلی کورد چونکە ئەم راستییە دەزانێت، لە ئاستێکی بەرزدا خاوەنداری لە شەهیدانی دەکات. گەلەکەمان بە خاوەنداریکردن و وەفاداری بۆ شەهیدانی، خاوەنداری لە ژیانی ئازاد، دیموکراتیک و داهاتووی خۆی دەکات. گەنجان دەبێت لە هەموو شوێنێک بزووتنەوەی ئازادی فراواتر بکەن. گەریلا سوپای گەنجانە. گەنجان دەبێت ئەمڕۆش لە هەموو شوێنێک بەشدار بن لە تێکۆشانی ئازادیدا و لە هەموو شوێنێک بزووتنەوەی ئازادی فراوانتر و بەهێزتر بکەن. گەنجان وەکو چۆن دوێنێ هێزی سەرەکیی تێکۆشانی گەریلا بوون، دەبێت ئەمڕۆش لە هەموو بوارەکاندا ببنە هێزی تێکۆشانی فرەڕەهەند. چونکە ئەنجامی تێکۆشانەکە هەمیشە بەپێی ئەو رۆڵە دیاری دەکرێت گەنجانی ژن و پیاو لە ناو تێکۆشاندا دەیگێڕن. لەم رووەوە، خاوەنداریکردنی بەرزی گەنجان لە یادکردنەوەی شەهیدان، پێشانی دەدات گەنجان رۆڵ دەگێڕن بۆ ئەوەی تێکۆشانەکە بە هەموو شێوازەکانییەوە سەرکەوتوو بێت. ئەگەر ئەمڕۆ لە شوێنی ستراتیجیی تێکۆشانی چەکداری ستراتیژیی تێکۆشانی سیاسی دەخرێتە روو، ئەوە شەهیدانمان بوون ئەمەیان بەدەستهێناوە. تێکۆشانی 53 ساڵە پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی دەستپێکردووە. پرۆسەیەک بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوەدەبرێت پاڵپشتە بە 53 ساڵ تێکۆشان. بە هەڵەیەکی گەورە دادەنرێت ئەگەر وا بیربکرێتەوە پرۆسەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە دوو ساڵی دواییدا هاتووەتە ئاراوە.
رێبەر ئاپۆ بە پاڵپشتیکردن لەو ئەزموونە کەڵەکەبووە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی لە 53 ساڵ تێکۆشاندا دروست بووە، ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبات. روونیشە ئەمە هێزێکی گەورەی تێکۆشانە، مامەڵەنەکردن بەم شێوەیە، دەبێتە بێڕێزییەکی گەورە بەرامبەر 53 ساڵ تێکۆشان و شەهیدانمان، لە سەر بنەمای ئەو بەهایانەی شەهیدانمان دروستیان کردووە و هێڵی ئازادی، تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەبرێت. خاوەنداریکردن و وەفاداریی ئاست بەرز بۆ شەهیدانمان ئەمە پێشان دەدات. لە کاتی یادکردنەوەی شەهیداندا، پەیمانی خۆمان نوێ دەکەینەوە لەسەر رێبازی ئەوان بەردەوام دەبین و گەلەکەمان دەگەیێنینە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک؛ هەروەها داوا لە گەلەکەمان دەکەین لەسەر رێبازی شەهیدان، تێکۆشان بەرزتر بکەنەوە."




