تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی زانکۆ و پەیمانگەکان لە عێراق ئەلیکترۆنی دەبێت

25-05-2020
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو- هەولێر 

عێراق کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی دیاریکرد کە بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدەدرێن. 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکانی بەشێوەی ئەلیکترۆنی دیاریکرد. 
 
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنەکانی سەلامەتیی خۆپارێزی و پابەندبوون بە تەواوکردنی ئەمساڵی خوێندن 2019-2020 ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان و میکانیزمی ئەنجامدانی رادەگەیێنێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردەوە، 26-07-2020 تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی وەرزی دووەم دەستپێدەکات و 13-08-2020 کۆتاییدێت. تاقیکردنەوەی  کۆتایی خولی یەکەم بۆ وەرزی یەکەمی خوێندن لە 14-09-2020 دەستێپدەکات و لە 08-10-2020 تێپەڕناکات.  دواتریش تاقیکردنەوەی خولی دووەمی وەرزی یەکەم و دووەم لە 12-11-2020 ئەنجام دەدرێت.
 
هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، میکانیزمی تاقیکردنەوەکان بە ماڵپەری ئەلیکترۆنی یان بەرنامەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان هەر میکانیزمێکی ئەلیکترۆنی گونجاو دەبێت کە بەش یان لقە زانستییەکان بڕیاری لەسەر دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا رەچاوی ئەوە دەکرێت کە سیستمی خوێندن لە زانکۆکان جۆراوجۆرن (وەرزی، ساڵانە، بڕیاردەرەکان، تەواوکاری)، ئەنجوومەنی گرووپی کۆلیژە پزیشکییەکان دەسەڵاتیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی میکانیزم و کاتی گونجاو بۆ وانە پراکتیکییەکان دابنێن. 
 
هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە بەیاننامەیەک رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنەکانی سەلامەتیی خۆپارێزی و پابەندبوون بە تەواوکردنی ئەمساڵی خوێندن 2019-2020 ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی کۆتایی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و میکانیزمی ئەنجامدانی راگەیاند. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردەوە، 14-06-2020 تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم دەستپێدەکات و 02-07-2020 کۆتاییدێت، تاقیکردنەوەی خولی دووەمی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم لە 02-09-2020 دەستێپدەکات و لە 17-09-2020 تێپەڕناکات، دواتریش تاقیکردنەوەی تەواوکاری لە 11-10-2020 ئەنجام دەدرێت.  
 
حەیدەر عبودی ئاماژەی بەوەکرد، میکانیزمی تاقیکردنەوەکە بە ئەلیکترۆنی دەبێت لە رێگەی ماڵپەری ئەدمۆد دەبێت، لەهەمان کاتدا دەسەڵات دەدرێتە کۆلیژەکان کامە سیستەمیان پێگونجاوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە