رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی نیوەی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵ تائێستا مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە. ئەو دواکەوتنە پەیوەندیدارە بەوەی پشت بە داهاتی هەناردەی نەوتی دوو مانگ بەر لە ئێستا دەبەسترێت، کە نزیکەی 1.5 تریلیۆن دینار بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو سێشەممە 1ی ئەیلولی 2026، نزیکەی نیوەی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق، مووچەی مانگی ئابیان وەرگرتووە.
لە 26ی ئابەوە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستیپێکردووە، لە دوای دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
ئومێد بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زۆربە وەزارەتەکان مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەگەر هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی هەموویان دابەش بکرێت، دواتر مووچەی سەرۆکایەتییەکان دابەش دەکرێت، کە قۆناخی بەر لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕێ دەکات تاوەکو پارەی داهات دەگاتە نزیکەی یەک تریلیۆن، پاشان دەست بە دابەشکردنی مووچەی کۆمەڵێک دامەزراوە و دەستە دەکات.
بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆرانی خۆی و هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ پێویستی بە زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینارە.
ئومێد بەرواری رایگەیاند، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە پەیوەندیی بە کەمیی پارەی بەردەستی وەزارەتی داراییەوە هەیە.
سەرچاوەیەکی بەرپرسیش لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، بۆ دابەشکردنی مووچە، حکومەتی عێراق پشت بە داهاتی نەوتی هەناردەکراوی مانگی حوزەیران دەبەسێت، کە ئەو کات نزیکەی 1.2 ملیار دۆلار بووە.



