رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق دەڵێ، بەهۆی پێشهاتەکانی ناوچەکەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق هەڵوەشاونەتەوە.
ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق هەڵوەشاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی داخستنی ئاسمانی ئێران لە ئەنجامی پێشهاتە ئەمنییەکانەوە.
هەر لەو بارەیەوە، عامر توفەیلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم گەشتەکان لە ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف هەڵوەشاونەتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، رۆژانە 15 بۆ 20 گەشتی ئاسمانی لە ئێرانەوە بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف دەکرێن، کە سەرجەمیان لە رێگەی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێرانەوەن و هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە هیچ گەشتێکی بۆ ئێران نییە.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران رۆژی سێشەممە دەستیان پێکردەوە و ئەمریکا دەڵێت، ئەمەش وەک وەڵامێک بووە بۆ هەوڵە نوێیەکانی تاران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.


