رووداو دیجیتاڵ
چەکدارەکانی گروپی رەبعەڵڵا لە شەقامەکانی بەغدا بڵاوبوونەوەو بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، کە هەڕەشە لە لایەنە سیاسەکان دەکەن و داوا دەکەن پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە نەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25-3-2021 چەکدارانی گرووپەکە بە جلی سەربازی و ئۆتۆمبێلی سەربازیی بێ تابلۆ بە شەقامەکانی بەغدا سووڕانەوە. دواتر گرووپەکە بەیاننامەیەکی چوار خاڵی بڵاوکردەوە.
رەبعەڵلا لە خاڵی یەکەمی بەیاننامەکەدا ستایشی چەکدارەکانی کردووە کە لە شەقامەکانی بەغدا بڵاوبوونەتەوە و "پەیامێکی هەڕەشەئامێزیان ئاراستەی ئەمریکا و بەکرێگیراوەکانیان کرد".
رەبعەڵڵا لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق دەکات کە کار بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەکەن و دەڵێت: "دەستی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگوشین، کە داوای دابەزینی نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی دەکەن و دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگیان بۆ سەرخستنی هەژاران و بەشخوراوان، کە زۆرینەی رۆڵەکانی گەلەمان پێکدەهێنن".
هەر راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دەدەنە هەندێک لایەنی سیاسی وەک خۆیان دەڵێن بە ئەنقەست بودجە دوادەخەن و پەسندکردنی پەکدەخەن لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت. هۆشداریان داوە لە پێدانی بەشە بودجە بە هەرێمی کوردستان
گروپی رەبعەڵڵا جەخت لەوەدەکاتەوە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی نێو حکومەت پێویستە، ئەوە بزانن کە ئەوان بێدەنگیان درێژەناکێشێت، ئەگەر وەک خۆیان باسی دەکەن داواکارییەکانی گەلی عێراق بەتایبەتی پارێزگاکانی باشوور جێبەجێ نەکرێت لە پرۆژەیاسای بودجەدا.
بزووتنەوەی رەبعەڵلا گروپێکی چەکداری شیعەمەزهەبی سەر بە حەشدی شەعبین، بەڵام دەستەی حەشدی شەعبی رەتیدەکاتەوە ئەوانە بەشێک بن لە حەشدی شەعبی. ئەو گروپە لە رابردوودا چەندین کردەوەیان ئەنجامداوە لەوانە: رۆژی شەممە 17/10/2020، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دوای ماوەیەک ئاڵای کوردستانیان داگرت و لەگەڵ بارەگاکە سووتاندیان.
هەروەها هەر ئەو گروپە لە 26/11/2020 لە ناوچەی کەڕادەی شاری بەغدا هەڵیانکوتایە سەر سەنتەرێکی مەساج و کۆمەڵێک کچیان بە لێدان و تێهەڵدان کردە دەرەوە و دواتر سەنتەرەکەیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ