رووداو- هەولێر
لە سنووری شارەدێی سنوونێ، چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس كرد و بەهۆیەوە پۆلیسێک كوژراو 3 پۆلیسیش برینداربوون.
نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی هەینی 24-6-2016، لە سنووری ناحیەی سنوونێ لە هێرشێکی چەکدارانی نە ناسراودا پولیسێک كوژراو سێی دیكەش برینداربوون.
نایف سەیدۆ گوتیشی " کاتی گەڕانەوەی چەند پۆلیسێک لە شنگالەوە بۆ سنوونێ، لەنێوان کۆمەڵگەی گوهبەل و بۆرک، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب جام رەشی بێ ژمارە، کە چەند چەکدارێکی تێدا بووە، دەستڕێژی گوللەی لە ئۆتۆمبێلی ئەو پۆلیسانە كردووە و بەو هۆیەوە پۆلیسێک کوژراوە و سێ دیکەش بریندار بوونە".
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ كە سەر بە شارۆچكەی شنگالە، راشیگەیاند "لێکوڵینەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێک ئاشکرا نەبووە".


