رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەدانەوەی قەرزەکانی، دامەزراوەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی بانکێکی ئیسلامیی دەرکرد و، داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکات. دەشڵێت، بانکەکە زیاتر لە 12 ملیار دینار قەرزدارە.
بەپێی نووسراوێک کە 18ی ئەم مانگە لەلایەن کۆمپانیای دووبارە دڵنیاییکردنەوەی گشتیی عێراق، کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتەکەی کردووە، بڕیار دراوە دەست بەسەر سەرجەم موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامیدا بگیرێت، بەهۆی قەرزداریی ئەو کۆمپانیایە.
کۆمپانیاکە داوا لە وەزارەتی دارایی دەکات ئاماژەی دەستبەسەرداگرتن لەسەر بانکەکە دابنێت.
لە نووسراوەکدا هاتووە، "ئەو بانکە نەیتوانیوە قەرزەکانی بداتەوە، کە بڕی چوار ملیار دینارە بۆ هەر گرێبەستێک و دەبوو لە 17ی ئاداری ئەم ساڵ بدرابایەتەوە، جگە لەوەی سووی ساڵانەی بە بڕی 200 ملیۆن دینار چووەتە سەر لەماوەی نێوان 18ـی ئاداری ساڵی 2023 تاوەکو 17ـی ئاداری 2024، هەروەها بڕی 6 ملیۆن و 180 هەزار دۆلاریشی لەسەرە و ئەویشی پێنەدراوەتەوە، دەبوو لە 16ـی ئاداری ئەم ساڵ بیداتەوە، سەرباری پێبژاردن بەهۆی دواکەوتنەوە."
کۆمپانیای دووبارە دڵنیاییکردنەوە لە نووسراوەکەدا روونیکردووەتەوە پێشتر هۆشداری دراوەتە بانکەکە، بۆیە بۆ پاراستنی دارایی کۆمپانیاکە و ماڵی گشتی ئەو بڕیارەی داوە.
سەرچاوەیەک لە بانکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری ئەو نووسراوە نین، دەبێت بە فەرمی پێمانبگات بۆ ئەوەی وەڵاممان هەبێت."، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بۆ بوونی کێشەی قەرز لەنێوان بانکەکە و کۆمپانیاکەدا کرد.
بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی، یەکێکە لە بانکەکانی عێراق لە ساڵی 2016 دامەزراوە، سوها کفائی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکەکەیە، لقی سەرەکیی کۆمپانیاکە دەکەوێت عەرەساتی هیندییە لە بەغدا، چوار لقی دیکەشی لە بەسرا، کەربەلا، نەجەف، بەسرا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ