دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە

23-07-2019
رووداو @Rudawkurdish
رووفاتەکان بۆ پشکنینی DNA دەبرێنە بەغدا
رووفاتەکان بۆ پشکنینی DNA دەبرێنە بەغدا
نیشانەکردن سەماوە
A+ A-

رووداو  - سەماوە

ئەمڕۆ لە بیابانەکانی سەماوە لە باشووری عێراق دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی سەردەمی ئەنفاڵی باشووری کوردستان و پێشبینی دەکرێت نزیکەی 400 رووفات لەو گۆڕانە دەربهێندرێت. 

تیمی نیشمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەستیکرد بە هەڵدانەوەی پێنجەمین گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەماوە، کە سەرجەم رووفاتەکانی ناو گۆڕەکە کوردن و خەڵکی ناوچەی گەرمیانن و لە سەردەمی حکومەتی بەعس کراون بە ژێر خاکەوە، بەشێکی زۆری رووفاتەکانی ناوگۆڕەکە ژن و منداڵن.

سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستمانکردووە بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی بە کۆمەڵ لە قەزای سەلمانی سەر بە سەماوە، کە پێنجەم گۆڕی بە کۆمەڵە لە ناوچەکە و دواتر دەستدەکەین بە هەڵدانەوەی دوو گۆڕی دیکە، کە هەر سێ گۆڕەکە 400 رووفاتیان تێدایە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان باسی لەوە کرد، هەرسێ گۆڕەکە هەڵدەدەینەوە، رووفاتەکان دەبرێنە پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەغدا بۆ ئەوەی پشکنینی دی ئێن ئەی یان بۆ بکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی دەتوانرێ پشکنین بۆ کەسوکاریشیان بکرێت.

لە دوای رووخانی حکومەتی بەعس لە سەماوە ژمارەیەکی دیکەی گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە و رووفاتەکان گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵی2004ـەوە چوار گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و سەرجەم رووفاتەکانیان کورد بوون و خەڵکی ناوچەی بارزان و گەرمیان بوون.

ساڵی 2004 دوو گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵدرانەوە، گۆڕی یەکەم 114 رووفاتی تێدا بوو، گۆڕی دووەم 45 رووفات، ساڵی 2005  گۆڕێک هەڵدرایەوە، کە 503 رووفاتی تێدا بوو، ساڵی 2013 گۆڕێک هەڵدرایەوە 93 رووفاتی تێدا بوو.

تیمی نیشتمانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە پێکدێن لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای شەهیدانی عێراق و پەیمانگای پزیشکی دادوەری بەغدا لە ئەمڕۆوە تاوەکو 1ی ئاب، هەر سێ گۆڕەکەی سەماوە هەڵدەدەنەوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە