رووداو دیجیتاڵ
ئایا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە عێراق دەتوانن گۆڕانکاریی راستەقینە لە سیستەمی حوکمڕانیدا دروستبکەن، یان دەسەڵات بە سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی شەقام لە رێگەی پارە و دامەزراندنەوە دەتوانێت سیستەمەکەی بپارێزێت؟ ئەمە پرسیاری سەرەکیی پانێڵێکی تایبەتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی "چاتام هاوس" بوو کە بە بەشداریی وەزیرێکی پێشوو، توێژەرانی نێودەوڵەتی و چالاکڤانانی مەدەنی بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی دیبەیتەکەدا، حەیدەر ئەلشاکری، توێژەر لە پەیمانگەی چاتام هاوس تێزی دانیشتنەکەی لەبەردەم ئامادەبووان خستەڕوو لەبارەی ئەوەی کە ئایا گوشاری جەماوەری هێشتا دەتوانێت بڕیاری سیاسی لە عێراقدا بگۆڕێت؟ راپرسیی سەرەتایی نێو هۆڵەکە دەریخست کە نزیکەی نیوەی ئامادەبووان باوەڕیان بە توانای شەقام هەیە بۆ گۆڕانکاری، لە بەرامبەردا نیوەکەی دیکە بە گومانەوە لە کاریگەرییەکانی دەڕوانن.
هەنا ئێدوار: تشرین هۆشیاریی نیشتمانیی دروستکرد و تاوەکو ئێستاش زیندووە
هەنا ئێدوار، سەرۆکی تۆڕی ژنانی عێراق و داکۆکیکاری دیاری مافەکانی مرۆڤ، وەک یەکێک لە بەرگریکارانی تێزەکە ئاماژەی بە راپەڕینی تشرینی 2019 کرد و گوتی: "تشرین بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ئاشتییانە بوو دژی تایفەگەری، گەندەڵی، بێسەروەریی یاسا و بوونی چەکی میلیشیاکان؛ دروشمی 'نیشتمانێکمان دەوێت' ناسنامەیەکی نیشتمانیی کۆکەرەوەی بەرهەمهێنا کە زاڵ بوو بەسەر دابەشکارییە تایفییەکاندا."
ئێدوار باسی لە قوربانییەکانی ئەو بزووتنەوەیە کرد و گوتی: "زیاتر لە 700 گەنج لەپێناو خەونەکانیاندا شەهید بوون بەبێ ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەک لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بکرێت. سەرەڕای سەرکوتکردن، دزەکردنە نێو بزووتنەوەکە و کڕینی ویژدانی بەشێک لە گەنجان بە پارەی سیاسی و پۆست، تاوەکو ئەمڕۆش دروشمەکانی تشرین لەسەر چەک لە دەستی دەوڵەت و شەڕی گەندەڵی، لە کارنامەی خودی ئەو حزبانەشدا رەنگدەداتەوە کە دژی بوون."
هەنا ئێدوار رەخنەی لە بەرتەسککردنەوەی بەردەوامی ئازادییەکان گرت، لەوانەش تیرۆرکردنی چالاکڤانان و لە سەرووشیانەوە کوشتنی یەنار محەممەد، هەروەها هەوڵەکان بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسی بە پەیڕەوی جەعفەری و پەکخستنی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق.
لوئەی خەتیب: دیموکراسیی عێراق پشێوە و بە 20 ساڵ پێناگات
لە بەرەی بەرپەرچدانەوەی تێزەکەدا، د. لوئەی خەتیب، وەزیری پێشووی کارەبای عێراق، پێیوایە گۆڕانکاریی ریشەیی لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کە تازە لە دیکتاتۆرییەت هاتووەتە دەرەوە، پێویستی بە دەیان ساڵ هەیە و ناتوانرێت چاوەڕوانی گۆڕانکاریی خێرا بکرێت.
خەتیب بە تەنزەوە گوتی: "ئێوە بەردەوام باسی تشرین وەک شۆڕش و بزووتنەوەیەکی رێکخراو دەکەن، بەڵام ئێستا کوا تشرین؟ ئایا شتێکی لە پێکهاتەی دەسەڵات لە سەردەمی کازمی، سوودانی یان زەیدیدا گۆڕی؟ نەخێر، تەنیا شتێک کە دەسەڵات کردی بۆ بێدەنگکردنی شەقام، ئەوە بوو لە هەر قۆناخێکدا سەدان هەزار کەسی دیکەی زیاد کردە سەر لیستی مووچە؛ لیستێک کە تەواوی داهاتی نەوت دەخوات و قەرز بۆ نەوەکانی داهاتوو جێدەهێڵێت."
وەزیری پێشووی کارەبا ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێکی زۆری ئەو خۆپێشاندانانە لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە ئاراستە دەکران و گوتی: "کاتێک پارتە سیاسییەکان کشانەوە، بزووتنەوەکەش دەستبەجێ مرد. دیموکراسیی ئێستای عێراق دیموکراسییەکی پشێوە کە لە دیکتاتۆریش مەترسیدارترە؛ چونکە لە دیکتاتۆریدا دوژمن دیارە، بەڵام لێرەدا نازانیت بەرامبەرەکەت کێیە و تەنانەت براوەی هەڵبژاردنیش ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت."
عەبدوڵڵا ئەلکالیسی: دامەزراندنی هەزاران کەس بەڵگەی کاریگەریی شەقامە
لە بەرامبەردا، عەبدوڵڵا ئەلکالیسی، توێژەر لە پەیمانگەی IRIS لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، بۆچوونەکانی خەتیب بە بەڵگەی کاریگەریی شەقام لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: "هەر ئەو هەنگاوانەی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی بەکۆمەڵی خەڵک لە ترسی خۆپێشاندانەکان ناویەتی، سەلمێنەری ئەوەیە کە گوشاری شەقام کاریگەریی هەبووە و دەسەڵات لێی ترساوە."
ئەلکالیسی روونیکردەوە کە نابێت لە تشرین وەک رووداوێکی دابڕاو بڕوانرێت، بەڵکو دەرئەنجامی دە ساڵ لە ناڕەزایەتیی کەڵەکەبوو بوو (لە 2011 و 2015 و 2018): "ئەمە خۆگونجاندنێکی بەردەوامە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە؛ گوشار لە خوارەوە دروست دەبێت و دەوڵەتیش بە شێوازێکی جیاواز وەڵام دەداتەوە. ئێستاش کێشە بنەڕەتییەکان لە بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری وەک خۆیان ماونەتەوە، بۆیە کاتێک سیستەمی واستە و دابەشکردنی پارە لە دەستی دەوڵەتدا نەمێنێت، ناڕەزایەتییەکان بە گڕوتینێکی بەهێزتر سەرهەڵدەدەنەوە."
تۆبی دۆج: عێراق لە بەردەم سووڕێکی نوێی راپەڕیندایە
پرۆفیسۆر تۆبی دۆج، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی LSEی بەریتانیا، تیشکی خستە سەر خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەکە و گوتی: "تشرین گەورەترین جووڵەی جەماوەری بوو لە مێژووی عێراقی دوای 1920ـدا، بەڵام کێشەکەی لەوەدا بوو نەیتوانی وەک ئەزموونی سڕبیا خۆی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی تۆکمەی هەڵبژاردندا رێکبخات بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی سیاسی لە دەسەڵاتدا بهێنێتە ئاراوە."
دۆج هۆشداری دا لەوەی دەسەڵات لە شکستخواردن نەوەستاوە و بەستەڵەکی ئێستای شەقام ئارامییەکی کاتییە: "ئێمە لە سەرەتای سووڕێکی نوێی ناڕەزایەتیداین. ساڵانە 700 هەزار گەنج لە عێراق دێنە نێو بازاڕی کارەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئومێدێکیان بە دەستکەوتنی کار هەبێت؛ کاتێک سیستەم نەتوانێت خزمەتگوزاری و هەلی کار دابین بکات، شەقام بە شێوەیەکی حەتمی دەتەقێتەوە."
ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش کرد و گوتی، لە هەرێمی کوردستانیش بێئومێدبوونی خەڵک و ساردکردنەوەیان لە پرۆسەی سیاسی بەهۆی دەستبەسەرداگرتن و گوشارەوە لە ئارادایە، ئەمەش وا دەکات هاووڵاتییان هەست نەکەن بەشێکن لە پرۆژەی دەوڵەتداری.
دەنگی ئامادەبووان: پارەی سیاسی و بێهیوایی لە ئۆپۆزیسیۆن
لە بەشی پرسیار و سەرنجی ئامادەبوواندا، هیشام عەلی، پێشکەشکاری سیاسی ئاماژەی بە رۆڵی "پارەی سیاسی لە کڕینی ویژدان و بەلاڕێدابردنی تشرین" کرد؛ لە کاتێکدا شایان تاڵەبانی، راوێژکاری سیاسی نموونەی هەرێمی کوردستانی هێنایەوە کە چۆن بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دوای هاتنە نێو سیستەم تووشی پاشەکشە و هەڵلووشین بوون لەلایەن دەسەڵاتەوە و وایکردووە بەشێکی زۆری خەڵک پەنا بۆ بایکۆت بەرن.
لە بەرامبەردا، محەممەد شویلەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەرگری لە پرۆسەی سیاسی کرد و گوتی: "چاکسازی بە تایەسووتاندن و وێرانکاری ناکرێت، بەڵکو بە بەشداریی هۆشیارانەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بە پارە ناکڕدرێن."
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، بەشداربووان لەسەر ئەو خاڵە کۆک بوون کە ئەگەرچی تشرین وەک پێکهاتەیەکی مەیدانی رووبەڕووی سەرکوتکردن و پەرتەوازەیی بووەوە، بەڵام هۆکارە بنەڕەتییەکانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی (بێکاری، گەندەڵی، کەمیی خزمەتگوزاری و بێسەروەریی یاسا) نەک چارەسەر نەکراون، بەڵکو قووڵتر بوونەتەوە؛ ئەمەش عێراق دەخاتە بەردەم ئەگەری شەپۆلێکی دیکەی تووندی راپەڕینی جەماوەری لە داهاتوویەکی نزیکدا.


