رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە پانێڵێکی تایبەتی پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن رایگەیاند، دەستووری عێراق بەهۆی "راڤەکردنی فرەجۆرەوە" بووەتە سەرچاوەی قەیرانە سیاسییەکان و داوای هەموارکردنەوەی دەقە ناڕوونەکانی کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری ناکۆکییەکانی نەوت و گاز لەنێوان هەولێر و بەغدا "تەنیا لە رێگەی دیالۆگەوە دەبێت و بەرەو چارەسەریش دەچێت."
فایەق زێدان لە پانێڵەکەدا زنجیرەیەک پرسی هەستیاری ورووژاند، لەوانە پرسی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، داماڵینی چەکی گرووپەکان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دۆسیەی ئازادکردنی تۆمەتباری تیرۆرکردنی هیشام هاشمی و لێکدانەوەی مادەی 76ـی دەستوور بۆ پێکهێنانی حکومەت.
کێشەکانی هەولێر و بەغدا و دەستووری عێراق
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دۆسیەی نەوت و سامانە سرووشتییەکان، فایەق زێدان گوتی: "زۆر لە کێشە سیاسییەکانی دوای 2003 بەهۆی دەقە دەستوورییەکانەوەیە کە زیاتر لە لێکدانەوەیەکیان بۆ دەکرێت، واتە وەک 1+1=2 نین، یەکێک دەڵێت سێیە و یەکێکی دیکە دەڵێت چوارە. دەقی دەستووریی تایبەت بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتدا دوو لێکدانەوە و راڤەی پێچەوانەی بۆ دەکرێت، برایانی کورد راڤەیەکی لە بەرژەوەندیی هەرێم بۆ دەکەن کە دەسەڵاتی تەواویان هەیە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، بەغداش دەڵێت سامانە سرووشتییەکان موڵکی هەموو عێراقییەکانن و دەبێت حکومەتی فیدراڵی بەڕێوەیان ببات."
فایەق زێدان گوتی: "عێراق بەرگەی هیچ ململانێیەک ناگرێت جگە لە ململانێی سیاسیی ئاشتیانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدا و هەرێمی کوردستانەوە دەستمان دەکەون، کێشەی نەوت بەرەو چارەسەرکردن دەچێت."
مادەی 76 و کێشەی گەورەترین فراکسیۆن
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بنبەستی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەکان، رەخنەی لە میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت گرت و گوتی: "دەبێت مادەی 76ـی دەستوور بە جۆرێک دابڕێژرێتەوە کە مافی پێکهێنانی حکومەت بدرێتە ئەو پارتەی لە هەڵبژاردندا دەبێتە براوەی یەکەم، نەک ئەو هاوپەیمانییەی دوای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا پێکدەهێنرێت. لە هەموو کێبڕکێیەکدا خەڵاتەکە بۆ براوەیە، ناکرێت خەڵات بدەیتە براوە و پێی بڵێیت وەرە لەگەڵ دۆڕاوەکان دابەشی بکە، ئەم راڤەیە هەڵەیە وایکرد لە دوای هەر هەڵبژاردنێک تووشی بنبەست بین و چەندین جار دەستوور لە وادە دیاریکراوەکانیدا پێشێل بکرێت."
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری باسی لەوە کرد کە دادگە هیچ هێڵێکی سووری نییە: "ئەگەر بەڵگە هەبێت دادگە ناڕوانێتە ئەوەی تۆمەتبار کێیە، پەرلەمانتارە یان وەزیر. جێگەی داخە کە بەشێک لە چینی سیاسی تێوەگلاون، بەڵام ئەمڕۆ بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا بەپێی یاسا ئەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانتار و بەرپرس رووبەڕووی دادگەیی دەکرێنەوە."
دەقی پانێڵەکە
پێشکێشکار: جەنابی سەرۆک، با لە دۆخی ناوخۆیی عێراقەوە دەستپێبکەین، حکومەتێکی تا رادەیەک نوێ هەیە، نیگەرانی هەیە لەسەر کۆنترۆڵی گرووپەکان، پەیوەندیی دەسەڵاتی ناوەند و دەسەڵاتە هەرێمییەکان، چڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان. لە روانگەی ئێوەوە، رۆڵی شیاوی دەسەڵاتی دادوەری بۆ پشتیوانیکردنی حوکمڕانیی کارا لە وڵاتدا چییە؟
فایەق زێدان : سوپاس بۆ چاتام هاوس بۆ رێکخستنی ئەم دەرفەتە و کۆکردنەوەی ئەم نوخبە دیپلۆمات و توێژەرانە. سەبارەت بە پرسیارەکەتان، بێگومان بارودۆخی ناوخۆی عێراق کاریگەرە بە دۆخی ئیقلیمیی ناوچەکە کە لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە نائارامە. ئێمە رووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەک دەبینەوە: یەکەم: حکومەتی نوێ رەنگێکی ئابووریی هەیە و جیاوازە لەوانەی پێش خۆی، رەنگە رووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە لە جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا. دووەم: پرسی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت، کە خواستی هەموو عێراقییەکانە و کۆڵەکەی دەوڵەتی دەستوورییە. حکومەت قۆناخێکی باشی بڕیوە و پلانەکە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 دانراوە. ئەو گرووپانەی پێشتر بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری چەکیان هەڵگرتبوو، ئێستا هیچ بیانوویەکیان نەماوە، ئێمەش چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی پێمان گوتوون کە بیانووی هەڵگرتنی چەک نەماوە. بنەمایەکی یاسایی هەیە دەڵێت: کاتێک رێگر نەما، قەدەخەکراو دەگەڕێتەوە، رێگرەکە هێزی بیانی بوو، ئەوەش بە لێکتێگەیشتن و ئاشتیانە چارەسەر کرا، بۆیە هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی یاسا قەدەخەیە. سێیەم: ئاڵنگاریی ئابوورییە، عێراق دوای 2003 تەنیا پشتی بە نەوت بەستووە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە کە هەناردەی کەمە، حکومەت لە گفتوگۆدایە بۆ دۆزینەوەی دەروازەی دیکە لە دەرەوەی هورمز، چونکە دانایی ئەوە دەخوازێت عێراق چەندین دەروازەی بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پیشەسازییەکان هەبێت. بە گشتی گەشبینین قۆناخی داهاتوو باشتر دەبێت.
پێشکێشکار: جەنابی سەرۆک، گەڕانەوە بۆ دۆخی ناوخۆ و دەسەڵاتی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە؛ ئەی پەیوەندی لەگەڵ ئێران چۆنە؟ روانگەی ئێوە بۆ دۆخی پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران بە گشتی چییە؟
فایەق زێدان: پەیوەندی لەگەڵ ئێران وەک پەیوەندیمانە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە؛ تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت و سعودیە. پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیە. ئێران واقیعێکی جوگرافییە و 1400 کیلۆمەتر سنوورمان پێکەوە هەیە و ناکرێت لێی داببڕێین. یەکێک لە دۆستەکانم گێڕایەوە کە باڵیۆزێکی ئەمریکی سەردانی خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی کردبوو لە ماڵەکەی، بینیبووی سێ وێنە لە تەنیشت یەک بە دیوارەکەوە هەڵواسراون: وێنەی کۆفی عەنان، وێنەی ئیمام خومەینی و وێنەی جۆرج بوشی کوڕ. باڵیۆزەکە لێی پرسیبوو: کۆکردنەوەی ئەم سێ وێنەیە پێکەوە زۆر سەیرە، واتا و نهێنییەکەی چییە؟ مام جەلال پێیگوتبوو: "کۆفی عەنان هێڵی 36ـی بۆ پاراستنی ئێمە لە دەستی سەدام دوای راپەڕین کێشا، جۆرج بوش لە 2003 عێراقی لە دەست سەدام ئازاد کرد، ئیمام خومەینیش 1400 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵمان هەیە. عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و بڕیاری سەروەریی تایبەت بە خۆی هەیە. راستە زۆر لە سەرکردە شیعەکان لە سەردەمی سەدام لە ئێران دەژیان چونکە دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ترسی سەدام نەیاندەحەواندنەوە تەنیا ئێران گرتبوونیە خۆی، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی هاوبەشن.
پێشکێشکار: باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا پرسیاری لێکرا لەسەر پەیوەندیی بەغدا و هەولێر، گوتی دەبێت زاڵ بن بەسەریدا. هاوسەنگیی دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی شۆڕکراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان چۆنە؟ دیدگای ئێوە بۆ ئایندەی ئەم پەیوەندییە چییە؟
فایەق زێدان: بەشێکی زۆری کێشە سیاسییەکانی دوای 2003، لە راستیدا بەهۆی هەندێک دەقی دەستوورییەوەیە کە زیاتر لە خوێندنەوەیەکیان بۆ دەکرێت. دەقی دەستووری هەیە بەو شێوەیە ناخوێندرێتەوە کە 1+1=2 بێت، هەندێک دەڵێن سێیە و هەندێک دەڵێن چوارە، هەریەکە بەپێی دیدگای خۆی لێکی دەداتەوە. بۆیە چەندین جار پێشنیازم کردووە کە پێویستمان بە هەموارکردنەوەی ئەو دەقە ناڕوونانەیە. دەقە تایبەتەکان بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتدا، تاوەکو ئێستا دوو لێکدانەوەی هەڵەی بۆ دەکرێت: برایانی کورد لێکدانەوەیەکی بۆ دەکەن کە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بێت، دەڵێن هەرێم دەسەڵاتی رەهای هەیە لە دەرهێنان و هەناردەی نەوت بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا. بەغداش دەڵێت نەخێر، بەپێی دەستوور سامانی سرووشتی موڵکی هەموو گەلی عێراقە، کەواتە بەڕێوەبردنی لە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدایە. هەر لایەنێک پشت بە راڤەیەکی جیاواز دەبەستێت. قەیرانێکی دیکە، پرسی پێکهێنانی حکومەتە لە دوای هەڵبژاردنەکان، لەبەر لێکدانەوەی فرەچەشنی دەقی دەستوور هەمان کێشە دووبارە دەبێتەوە. بۆیە داوامان کردووە دەستوور هەموار بکرێتەوە لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سامانی سرووشتی. من باوەڕم وایە دیالۆگی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و تاکە چارەسەرە، عێراق بەرگەی هیچ ململانێیەکی لە ناکاو ناگرێت و دەبێت ململانێکان تەنیا سیاسی و ئاشتیانە بن لە چوارچێوەی دیالۆگدا. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەغدا و هەرێمەوە پێمان دەگات، ئەم کێشانە لە رێگەی چارەسەردان. رەنگە باڵیۆزی تورکیا ئاگاداری ئەمە نەبێت چونکە نوێنەری دەوڵەتێکی بیانییە، بەڵام ئێمە دەزانین کە بەرەو چارەسەر دەڕوات.
پێشکێشکار: لەبارەی گەندەڵی، نیگەرانیی زۆر هەیە لەسەر ئاستی گەندەڵی کە پەیوەستە بە بەرپرسیارێتیی جەنابتانەوە، دەکرێت باسی رێکارەکانی دەسەڵاتی دادوەری بکەن؟
فایەق زێدان: من زۆر قسەم لەگەڵ رەخنەگرانی دادگە کردووە، پێمان گوتوون کە کاری دادوەری کارێکی نووسینگەییە. دادگە دۆسیە و دەرئەنجام لە دەزگا چاودێری و لێکۆڵینەوەکانی سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن وەک دەستەی دەستپاکی وەردەگرێت و بڕیاریان لەسەر دەدات. ئەگەر ئەو دەزگایانە لاواز بن، دادگا ناتوانێت لە خۆیەوە کەیس دروستبکات. بەڵام ئەگەر ئەو دەزگایانە بەهێز بن و ئیرادەیان هەبێت، دادگەش دەتوانێت رۆڵی تەواوی خۆی بگێڕێت. ئەوەی لەم قۆناخەدا جیاوازە، ئەوەیە کە حکومەتی ئێستا ئیرادەیەکی راستەقینەی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. بۆ یەکەمجارە دەبینین ئەم ژمارە زۆرەی پەرلەمانتار، وەزیر و بەرپرسانی باڵا رووبەڕووی لێپرسینەوە و دەستگیرکردن دەبنەوە لەسەر گەندەڵی کە پێشتر لە عێراقدا نەبووە. دادگە هیچ هێڵێکی سووری نییە. سەرۆکی دادگەی ناوەندیی دەستپاکی لێرە لەگەڵمان ئامادەیە، دوێنێ لە گفتوگۆدا بووین کە هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی نەبووە توانیبێتی بەپێی یاسا ئەم رێکارە دادوەرییانە بگرێتەبەر بێ ئەوەی پەنا بۆ رێکاری دەرەوەی یاسا ببات. جێگەی داخە کە بەشێک لە چینی سیاسی هاوبەشی گەندەڵین لە کاتێکدا دەبوو ئەوان پارێزەری سامانی وڵات بن، بەڵام مەبەستم بەشێکی کەمە نەک هەموویان.
پێشکێشکار: ئایا پێشنیاز یان پشتیوانیی رێکاری نوێ دەکەن بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان، بەتایبەت ژنانی رۆژنامەنووس و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی؟
فایەق زێدان: ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە گەورەترین ئەو دەستکەوتانەی دوای 2003 بۆ عێراقییەکان هاتەدی. پێش 2003 خەڵک بەهۆی رەخنەیەکەوە لەسێدارە دەدران. خانمێکی پێشکێشکاری تەلەفزیۆن هەبوو، لەگەڵ هاوڕێکەی دانیشتبوو و تەنیا گوتبووی ئەمە جلوبەرگی سەرۆککۆمار نییە مەبەستی سەدام بوو، بردیانە بەردەم دادگەی شۆڕش و حوکمی زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپاند، سەرۆکی دادگەکە پێیگوتبوو ئەگەر منداڵت نەبووایە لەسێدارە دەدرایت، ئەو خانمە ئێستاش لە ژیاندایە. ئازادیی رادەربڕین و رەخنە لە دەستووردا پارێزراوە و دادگە پارێزگاریی لێدەکات. بەڵام کێشەکە ئەوەیە سنووری نێوان ئازادیی رادەربڕین و پێشێلکردنی یاسا لای هەندێک تێکەڵ بووە، هەندێک کەس وا دەزانن جنێو، سووکایەتیکردن و تۆمەتبەخشینەوە ئازادیی رادەربڕینە! لە یاسای سزادانی ساڵی 1969ـدا هاتووە کە ناوزڕاندن و سووکایەتی لە رێگەی راگەیاندنەوە تاوانە. من تەحەدا دەکەم کەسێک ناوی رۆژنامەنووسێکم پێبدات کە لەسەر ئازادیی رادەربڕین یان رەخنەگرتن لە حکومەت و دادگە خرابێتە زیندان، ئەوانەی حوکمدراون لەسەر ناوزڕاندن، سەرانەسەندن و شکاندنی کەسایەتی بووە بەپێی یاسا.
پرسیاری ئامادەبووان:
مەیسوون دەمەلووجی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق: سڵاو بۆ دادوەر فایەق زێدان. دوو پرسیارم هەیە، یەکەم: هەست دەکرێت رێکارەکانی دەستپاکی خاو بوونەتەوە و ناگەنە دەست کەسایەتییە گەورەکان، ئایا ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و دەگاتە بەرپرسانی گەورە؟ دووەم: لە بەغدا دەژیم و دەبینم پاشەکشە لە ئازادیی رادەربڕیندا هەیە و هێڵە سوورەکان رۆژ بە رۆژ زیاد دەکەن، بۆچوونتان چییە؟
فایەق زێدان: لەبارەی پرسیارەکەی خاتوو مەیسوون؛ هیچ خاوبوونەوەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا نییە. ناکرێت رۆژانە پەرلەمانتار بگرین تەنیا بۆ ئەوەی خەڵک بڵێن خاو نەبووەتەوە، ئەگەر وا بێت پەرلەمان چۆڵ دەبێت، ئێمە لەسەر بنەمای بەڵگە کار دەکەین. دەپرسن ئایا دەگاتە گەورە گەندەڵکاران؟ ئەگەر ئەندامی پەرلەمان و وەزیر بەرپرسی گەورە نەبن، کێ گەورەیە؟ لە دادگەدا بچووک و گەورە نییە، تاوان و بەڵگە هەیە، بەڵگە هەبێت لە کەس خۆش نابین. لەبارەی ئازادیی رادەربڕین، دووبارەی دەکەمەوە، ئاماژە بە رۆژنامەنووسێک بکەن لەسەر رەخنەی سیاسی زیندانی کرابێت.
مینا عورەیبی، سەرنووسەری رۆژنامەی زە ناشناڵ: جەنابی دادوەر، سەبارەت بە سیستەمی سیاسی لە عێراق، ئایا ئەم سیستەمە پەرلەمانییەی ئێستا کە براوەی یەکەم تێیدا حکومەت پێکناهێنێت، دەتوانێت ئاواتی خەڵک بهێنێتەدی؟ ئەگەر پێویست بە هەموارکردنەوەی دەستوور بکات، چ ماددەیەک دەبێت هەموار بکرێتەوە؟
فایەق زێدان: لە وەڵامی خاتوو مینا سەبارەت بە سیستمی سیاسی، ئەگەر لە 10 نمرە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەم سیستمە تەنیا نمرەی 4ی بەدەستهێناوە. رێگەکەمان لە دوای 2003 بە گوڵ نەچێنرابوو، لە سووریا کاتێک گۆڕانکاری روویدا تەواوی دونیا پشتیوانی بوو، کەچی لە عێراق هەموو دنیا دژمان بوون جگە لە بەریتانیا و ئەمریکا! شەقامەکانی بەغدا پڕ بوون لە تەقینەوە و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، بۆیە لەدایکبوونی دیموکراسی لە عێراق بە نەشتەرگەری بوو. دەستووری 2005 لە ترسی گەڕانەوەی دیکتاتۆری نووسرایەوە، بۆیە دەستوورێکی رەقە و مەرجی ئەستەمی بۆ هەموارکردنەوە داناوە. ئێستا ئەو سیاسییە شیعانەی فیدراڵیزمیان چەسپاند، خۆیان رەخنەی لێدەگرن، چونکە ئەو کاتە لە ترسی سەدام دەیانویست هەرێمێک لە باشوور دروستبکەن، کەچی دواتر بۆیان دەرکەوت واقیعی عێراق وا نییە. دەبێت ئەو دەقانەی لە هەموارکردنەوەدا بەربەستن چاکبکرێن.
ئەحمەد لە هەرێمی کوردستان: جەنابی سەرۆک، جەنابتان پێشتر تەفسیرکردنی مادەی 76ـی دەستوورتان بە تەفسیرێکی هەڵە وەسف کردبوو. لە دیدی ئێوەوە باشترین رێکاری دەستووری و یاسایی چییە بۆ چارەسەری یەکجاریی ئەم پرسە؟
فایەق زێدان: سەبارەت بە مادەی 76ـی دەستوور، من پێشتریش روونمکردووەتەوە کە پێویستە مادەی 76 بە شێوازێکی زۆر روونتر دابڕێژرێتەوە. بەپێی نەریتی دیموکراسی دەبێت مافی پێکهێنانی حکومەت بدرێتە ئەو پارتەی لە هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگ دەهێنێت، نەک ئەو فراکسیۆنەی دوای هەڵبژاردن لەناو پەرلەماندا پێکدەهێنرێت، چونکە ئەمە لەگەڵ بنەمای کێبڕکێدا دەگونجێت، ئەگەر تۆ بە براوە بڵێیت، خەڵاتەکەت بەش بکە لەگەڵ دۆڕاوەکان، کێبڕکێ واتای نامێنێت. ئەم راڤەیە هەڵەیە وایکرد کە لە دوای هەر هەڵبژاردنێک پێکهێنانی حکومەت پەکیبکەوێت، وادە دەستوورییەکان بشکێنرێن و سەرۆککۆمار لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە بە پێچەوانەی وادەی دیاریکراوی دەستوور. بۆیە هەموارکردنەوەی ئەم مادەیە زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەیە.
رۆمان زاگرۆس، رۆژنامەڤان لە هەرێمی کوردستان: دوو پرسیارم هەیە، یەکەم: پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا؛ چەند ساڵ جارێک لەگەڵ هاتنی هەر سەرۆکوەزیرانێک دیالۆگ دەستپێدەکاتەوە و بەڵێنەکان جێبەجێ ناکرێن، چارەسەر چییە؟ دووەم: کەیسی شەهیدکردنی هیشام هاشمی لە 6ـی تەممووزی 2020؛ تۆمەتبارەکە حوکمدرا بەڵام لە ساڵی 2023 ئازادکرا! بۆچوونی ئێوە چییە، ئایا دەکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ زیندان؟
فایەق زێدان: لە وەڵامی پرسیارەکەی رۆمان دەربارەی دۆسیەی تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، ئایا ئەو تۆمەتبارە تەنیا کەسە لە دوای حوکمدان ئازادکرابێت؟ نەخێر، بە ملیۆنان کەس هەن. دادگەی پێداچوونەوە ئەگەر بزانێت بەڵگەکان تەواو نین، بڕیارەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. هەمان ئەو لیژنەیەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەو تۆمەتبارە کرد، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانیش کردبوو و دادگەی پێداچوونەوە هەموویانی ئازاد کرد، چونکە گومان لە رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە لەو قۆناخەدا هەبوو. دۆسیەکە دانەخراوە و بەردەوامە تاوەکو بەڵگەی تەواو کۆدەکرێتەوە. هەروەها ئێستا بە سەتان لە چەکدارە زۆر بەهێزەکان بە حوکمی قورس لە زینداندان، چونکە بەڵگەی تەواویان لەسەر بووە، دادگە بەپێی بەڵگە بڕیار دەدات نەک بەپێی لێدوانی راگەیاندن.


