تارمایی شەڕی تایفی لە نێوان سوننەو شیعە كە لەساڵی 2006 و پاش تەقاندنەوەی مەزارگەی هەردوو ئیمامی عەسكەری لە شارۆچكەی سامەڕای سەر پارێزگای سەڵاحەدین زۆربەی پارێزگاكانی عێراقی گرتەوە، ئەمڕۆ پاش ئاوارەكردنی دانیشتووانی دەیان گوندی شارۆچكەی شارەبان لە باكووری رۆژهەڵاتی دیالە لەلایەن "هێزە ئەمنییەكانەوە"، وەك سەركردە سوننەكان دەڵێن، ئەگەرەكانی دووبارە سەرهەڵدانەوەی بەهێز كردووە.
تێكچوونی رەوشی ئەمنی لەو پارێزگایە، پاڵی بەهەندێك سەركردەی سوننەوە نا كە داوای هاتنی هێزی پێشمەرگە بكەن بۆ پاراستنی ناوچەكانیان. هەندێك سەركردەی دیكەی سوننەش لەو پارێزگایە كەوتنە داواكردنی پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بە سوننە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان لەو ناوچانە.
قاسم مەعمووری، گوتەبێژی هاوپەیمانی دیالەی نیشتمانی (شیعە) لەبارەی ئەو داواكاریانە بە(رووداو)ی راگەیاند: "هاوپەیمانی دیالەی نیشتمانی داوای پاراستنی هەموو دانیشتوانی پارێزگاكە دەكات نەك تەنیا توێژێكی دیاریكراو". گوتیشی "هێنانی هێزی پێشمەرگە بۆ دیالە یاخود پێكهێنانی هێزێكی تایبەت لە پێكهاتەیەكی دیاریكراو بۆ پاراستنی ئەو پێكهاتەیە، بە هەموو شێوەیەك و لەژێر هەر بیانوویەك بێت رەتدەكەینەوە".
مەعمووری گوتی كە گرفتی ئەمڕۆی دیالە لەشێوازی پێكهێنانی حكومەتی ناوخۆیی دیالە خۆی دەبینێتەوە، چونكە بەرێگەیەكی نایاسایی پێكهێنراوە و بووەتە هۆكاری سەرهەڵدانی ناكۆكی لە پارێزگاكەو دووبارە گەڕانەوەی چالاكیی گرووپە تیرۆریستییەكان بۆ دیالە، بۆیە ئێمە ئومێدمان بە پێشنیازەكەی رەوتی سەدر هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ناوخۆیی ئێستای دیالە و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، بەشێوەیەك كە هەموو لایەنەكان لەخۆبگرێ و گۆڕینی شەخسی پارێزگاری ئێستا، لەگەڵ مانەوەی ئەو پۆستە بەدەستی عێراقییەی دیالە".
ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر سەلیم جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پارێزگای دیالەو یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی موتەحیدون بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، داوای هاتنی هێزی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستنی رەوشی تەناهی لەدیالە. هاوكات ئەحمەد سەعید، وتارخوێنی مزگەوتی (ئەحمەدی كوڕی حەنبەل) لەدیالە و سەرۆكی دیوانی وەقفی سوننە لەو پارێزگایە، داوای پێكهێنانی هێزێكی تایبەتی كرد بۆ پاراستنی ناوچەكانی سوننە یاخود هاتنی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەو هۆكاری شڵەژانی باری ئەمنی پارێزگای دیالەی خستە ئەستۆی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە.
وتارخوێنی هەینی زۆربەی شارە سوننەنشینەكان لە هەینی رابردوودا، تایبەت بوو بە ئەگەری درێژەدان بە ئاوارەكردنی دانیشتووانی ناوچە سوننەنشینەكان و داوای پێكهێنانی هێزێكیان كرد لەسوننە بۆ رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی شیعە.
بەڵام عومەر حەمیری، پارێزگاری دیالە و یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی موتەحیدون ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ناوخۆیی دیالەی بەدوور زانی و گوتی كە ئەگەری لەوجۆرە بەهیچ شێوەیەك لەئارادا نییە، بەتایبەتی پاش ئەوەی سەرۆكایەتی كۆمار ئەو حكومەتەی پەسەند كرد، لەكاتێكدا حكومەتەكە عێراقیە و رەوتی سەدر و كورد لەخۆدەگرێ، واتا نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی دیالەی تێدایە".
گوتیشی "سزادانی 150 گوندی شارۆچكەی شارەبان بەهۆی گومانی بوونی ئەنجامدەرانی تەقینەوەیەك لەناوچەكە هیچ كات نابێ بكرێتە بیانوویەك بۆ ئاوارەكردنی دانیشتووانی ئەو گوندانە، ئەم رەوشە گەر بەردەوام بێت كارەساتی چاوەڕواننەكراوی لێدەكەوێتەوە".
پارێزگای دیالە بەدەستی كۆمەڵێك گرفتەوە دەناڵێنێ كە دیارترینیان ململانێی نێوان شیعە و سوننەیە لەسەر پێكهاتەی حكومەتی ناوخۆیی ئەو پارێزگایەو پەنابردنە بەر خۆپێشاندان و دادگا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و رێكخراوی بەدر و حیزبی دەعوەی مالیكی بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتەكە كە چەند پێكهاتەیەكی جیاواز لەخۆدەگرێ، لەكاتێكدا بۆ جاری سێیەم لە مانگێكدا نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداری دەدات لەهەمبەر مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی تایفی لە عێراق.
ئەحمەد سەعید، ئەندامی دەستەی زانایانی ئاینی لە دیالە لەبارەی داواكاری هاتنی هێزی پێشمەرگە یاخود پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بۆ پاراستنی ناوچە سوننەنشینەكان لەو پارێزگایە بۆ بێ باوەڕیی سوننە گەڕاندەوە بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق و گوتی "سوننە متمانەی تەواویان بە هێزی پێشمەرگە هەیە، چونكە پێشتر بێلایەنی و كاریگەری خۆی سەلماندووە".


