رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە هێرشی ژمارەیەک چەکداری داعشدا لەنێوان هەردوو شارۆچکەی رەشاد و بەشیر لە سنووری پارێزگای کەرکووک شەش کەس کوژراون، کە جووتیار و پۆلیسی فیدراڵی بوون.
لە راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقدا هاتووە، چەکدارانی داعش سوودیان لە خراپیی کەشوهەوا و خۆڵبارین وەرگرتووە لە گوندی سامی عاسی سەر بە ناحیەی تازە لە پارێزگای کەرکووک و هێرشیان کردووەتە سەر جووتیاران بەهۆیەوە، جگە لە کوژرانی شەش کەس لە جووتیاران و پۆلیسی فیدراڵی، کە جووتیارەکان سەرقاڵی دروێنەکردنی گەنم بوون، بەرهەمەکەیان و سێ ئۆتۆمبێلیش سووتاون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان دەستپێکردووە، "چارەنووسی ئەو چەکدارانەی داعش کووشتن دەبێت، دواتر وردەکاریی دیکە رادەگەیێنین."
پێشتر حوسێن عادل، بەڕێوەبەری ناحیەی تازە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێرشەکە لە سنووری هێزەکانی لیوای 16ی تورکمانی حەشدی شەعبی بووە. داعش خۆڵبارین و کەمبوونەوەی رادەی بینینی بە هەل زانیوە بۆ هێرشەکە."
بەڕێوەبەری ناحیەی تازە ئاماژەی بەوەش کرد، "چەکدارانی داعش سەرەتا جووتیارەکانیان کوشتووە و پاشان رووبەڕووی پۆلیسی فیدراڵی بوونەتەوە، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەش سێ پۆلیسیان کوشتووە و دواتر هەڵاتوون."
حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، گرووپێکی چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر گوندی سامی عاسی، لە کاتی دروێنەدا تەقەیان لە جووتیاران کردووە و بەهۆیەوە حەوت کەس کوژراون و دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاپ و دەڕاسایەک و رووبەری 30 دۆنم زەوی سووتاون.
حەشدی شەعبی دەشڵێت، هێزێکی لیوای 16 و 56ی حەشدی شەعبی گەمارۆی هێرشبەرەکانیان داوە، بەهۆیەوە دوو کەسیان کوشتووە و منداڵێکیان رزگار کردووە، کە چەکدارانی داعش هەوڵیانداوە بیڕفێنن. هاوکات ئەو هێزە بە هاوکاریی بەرگریی شارستانی ئاگری زەوییەکەشیان کوژراندووەتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندووە، ئەمشەو پێنج چەکداری داعش لە گەڕەکی ئیسلاح لە ناحیەی گوڵاڵە-ی سەر بە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵێک و بەهۆیەوە ژنێک کوژراوە و سێ پیاو بریندار بوون.
شارۆچکەی بەشیر، بە دووریی 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری کەرکووک؛ لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێزێکی تورکمانی سەر بە حەشدی شەعبی تێیدا جێگیر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ