رووداو دیجیتاڵ
سەدان بارهەڵگر لە بازگەی چیمەنی شاری کەرکووک 12 کاژێر وەستێندراون و رێزیی ئۆتۆمبێلەکان شەش کیلۆمەتری تێپەڕاندووە. شۆفێران دەڵێن، جگە لە نەبوونی کارەبا و کارنەکردنی سۆنار، رێکارەکان زۆر توندکراون و چەندین کاژێرە بێ ئاو و خۆراک ماونەتەوە.
رۆژانە لە بازگەی چیمەن و دارەمان کە هاوسنوورن لەگەڵ شارەکانی هەرێمی کوردستان، قەرەباڵخییەکی زۆر دروست دەبێت. شۆفێران باس لەوە دەکەن نەبوونی کارەبا بۆ ئامێرەکانی سۆنار، نەبوونی هێڵی ئینتەرنێت بۆ راییکردنی مامەڵەی بارکۆد و بوونی هێزێکی زۆری ئەمنی، پرۆسەی تێپەڕبوونیانی پەکخستووە.
کرمانج هەژار، یەکێک لەو شۆفێرانەی کە 12 کاژێرە لە بازگەی چیمەن راگیراوە، بە رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 12ی شەوەوە لێرە وەستاوم، بارەکەم چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازیی عێراقییە، کەچی رێگەم پێنادەن تێپەڕبم. نە خەو و پشوومان ماوە، نە دەتوانین نوێژ بکەین و نە ئاو و خۆراکمان پێماوە، لەم دەشتاییەدا هیچ خزمەتگوزارییەک نییە."
کێشەی سۆنار و بارکۆد یەکێکی دیکەیە لە گرفتە سەرەکییەکان. کاروان خەلیل، شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگرە و دەڵێت: "ئێمە بارکۆدمان هەیە، بەڵام بازگەکە لە کاژێر 12ی شەوەوە داخراوە. لە کاژێر شەشی بەیانییەوە هێڵی ئینتەرنێت نامێنێت، ئێمە هەموو هەنگاوەکانمان یاساییە، بەڵام ئەوان بە یاسایی مامەڵەمان لەگەڵ ناکەن."
هەندێک لە شۆفێران دەڵێن تەنانەت ئەو بارانەی کە پێویستیان بە سۆنار نییە، هەر رادەگیرێن. رەوەند عەدنان، کە باری ئاوی پێیە، دەڵێت: "بارەکەم ئاوە و زۆر بە روونی دیارە، کەچی دەڵێن دەبێت سۆنار بکرێت. بازگەیەکی بەو گەورەییە لە کاژێر پێنجی ئێوارەوە کارەبای نییە، ئەمە چۆن دەبێت؟"
هاوکات لەگەڵ ئەم گرفتانە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، کە پێنج فەرمانبەر و ئەفسەرێکی پۆلیسیان لە بازگەی چیمەن دەستگیرکردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانە تێوەگڵاون لە "وەرگرتنی سەرانە" لە شۆفێران، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رێکارە ئەمنییەکان لە بازگەکەدا هێندەی دیکە توند بکرێن و کێشەی شۆفێران زیاتر بێت.
.jpg&w=3840&q=75)
