رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند، وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 6 (حوزەیران) و رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی شەش تەواو بوون و رەوانەی لای وەزیری دارایی عێراق کراون.
رۆژی چوارشەممە، 24ـی حوزیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حوزەیران لە بەغدا تەواو بووە، هەموو رێکارەکانی تەمویلکردنی پارەش لە وەزارەتەکە کراون و دراوەتە وەزیری دارایی عێراق."
لەبارەی کاتی گەیشتنی پارەکە و دابەشکردنی مووچە، سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران لە بەغدا، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە عێراق بڕیاری دابەشکردنی مووچە دەرچووە، بەڵام هێشتا دەست بە دابەشکردن نەکراوە.
ئەو سەرچاوەیە باسی لە پرسی داهاتی ناوخۆ و ناردنی پشکی بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، جارێ بڕی داهات دیاری نەکراوە، چونکە دەبێت مانگ تەواو بێت تاوەکو تەرازووی پێداچوونەوە تەواو بکرێت و بزانرێت داهات چەندە بۆ ئەوەی نیوەکەی بۆ بەغدا بنێردرێت.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "120 ملیار دینارمان بۆ دابینناکرێت و داهاتمان کەم بووە، هەروەها هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەڕاندنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەوەی لە یاسادا هاتووە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە نانەوتییەکان، بدرێتە حکومەتی فیدراڵی."
رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
بۆ مووچەی مانگی ئایار، لە 27ـی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و تاوەکو 29ـی ئایار سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرگرت.
.jpg&w=3840&q=75)



