رووداو دیجیتاڵ
نوێنەر، کەسایەتی و چالاکوانانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی عێراق لە گفتوگۆی چڕدان، تاوەکو بگەنە لێکتێگەیشتن و سازان بۆ جێکردنەوەی مافەکانیان لەڕێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەی، لە پەرلەمانی عێراقە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتیی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان دەکەن، لەوە گەیشتوون تاوەکو نەچنە لای سەرکردەکان، شیعە بەتایبەتی، دەرچوونی یاساکە لەبەرژەوەندییان ئاسان نابێت.
ئەسوان کلدانی، سەرۆکی فراکسیۆنی بابلیوون لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ئەمڕۆ دەبینین کەمینەکان لە زۆربەی دامەزراوەکانی دەوڵەت پشتگوێخراون، بۆیە کە ئەو یاسایە دەردەچێت، میکانیزمەکان دیاریدەکات، بێگومان بەپێی ئەوەی حکومەت و ئەمینداریێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشتیووانی دەکەن، پشتیوان بەخوا، دەچینە لای سەرکردەی حیزبە سیاسییەکان و پێیان دەڵێین؛ ئەم یاسایە تێپەڕێندریت، هیچ ناکۆکییەک لەگەڵ ئایینەکانی دیکە دروست ناکات."
لە پڕۆژەیاساکەدا، 14 نەتەوە و ئایین لە عێراق دیاریکراون. یەکێک لەوانە "یەهوودییەکانە". نووسینی ئەمە لەنێو پڕۆژەیاساکە، ترسی خستووەتە دڵی نوێنەران و کەسایەتییە ئایینییەکان، کە ئەگەر لانەبرێت، کێشەی گەورەیان بۆ دروست دەکرێت.
رەجەب کاکەیی، چالاکوانە و باسی ئەوە دەکات "کێشەی گەورە لەنێو ئەم پرۆژەیاسایە ئەوەیە، کەمینەکان کێن؟ ئەو کەمینانەن کە وەکو پێکهاتە لە دەستووردا هاتوون؟ ئەگەر ئەو کەمینانە ناویان لەو یاسایە نوێیە دا نەنووسرێتەوە، ئەم یاسایە دەبێتە یاسایەکی خراپ بۆیان؛ دەبێتە یاسایەک پێی سزادەدرێن."
شێخ قەیس بەدری، نوێنەری سەرۆکی سابیئە مەندائییەکانی عێراقیش دەڵێت "چەندین داواکاریمان هەن، لەوانە هەموواری مادەی 26، کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەرمان، هەروەها دابینکردن و پێدانی مافەکانمان لە دامەزراوەکاندا، پێمان وایە ئەمانە کاری ئاسانن، ئەگەر حکومەت بیەوێت دەتوانێت جێبەجێیان بکات."
بەپێی پڕۆژەیاساکە کە خۆیان ناویان ناوە کەمینەکان، ئەم نەتەوە و ئایینانە دەستنیشانکراون؛ تورکمان، کلدان و سریان و ئاشوورییەکان، سابیئەی مەندائییەکان، شەبەک، ئێزدی، کاکاییەکان، بەهائییەکان، زەردەشتییەکان، کەسانی پێست رەش، کوردانی فەیلی و شەرکەسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ