ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: ئەو کەسەی لە کەرکووک ستایشی سەدام حوسێنی دەکرد دەستگیرکرا

22-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ئەو کەسەی ئەم هەفتەیە لە ڤیدیۆیەکدا لە شاری کەرکووک بە بەعس و سەدام حوسێندا هەڵی دەدا، دەستگیرکرا.
 
رۆژی هەینی 22-12-2023 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کەسە بڵاوکردەوە کە شەوی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک ستایشی حیزبی بەعس و سەدام حوسێنی دەکرد.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک، دوای چاودێری و بەدواداچوونێکی ورد، توانییان یەکێک لەو کەسانە دەستگیربکەن کە لە نزیک باڵەخانەی پارێزگا لە ڤیدیۆیەکدا ستایشی رژێمی سەدام حوسێنی دەکرد".
 
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، "پێشتر لە پارێزگای کەرکووک 10 کەسی دیکە دەستگیرکرابوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ژمارەیەک وێنەی سەدام حوسێنیان بەرزکردبووەوە و ستایشی سەدام حوسێنیان دەکرد". ئاماژە بەوەش دەکات، "دادگەی تاوانەکانی کەرکووک بە پشتبەستن بە یاسا، بڕیاری پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە سەر بە حیزبی بەعس بوون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان بۆ دەکرد؛ ئەو کەسانە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا نا کە سەر بە حیزبی بەعسن".
 
چوارشەممە، 20-12-2023 ژمارەیەک لایەنگری لیست و هاوپەیمانیێتییە عەرەبییەکان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک دەستیانکرد بە ئاهەنگگێڕان. یەکێکیان درووشمی ''بروح و بدم، نفدیک یا صدام'' دەڵێتەوە.
 
 
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەکۆى 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس کە مافى دەنگدانیان هەبوو، شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 کەس دەنگیان دا. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لەو هەڵبژاردنەدا کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی و تورکمان سێ کورسییان لە کەرکووک بەدەستهێناوە.
 
پەرلەمانی عێراق له ‌دانیشتنی رۆژی 30 - 7- 2016، پڕۆژەیاسای قەدەخەكردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حیزب و چالاكییە تووندڕۆكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت