رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق داوای روونکردنەوە لە سەرۆککۆمار دەکات لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێ شەممەدا لیژنەکەمان بڕیاریدا بە نووسراوی فەرمی داوای روونکردنەوە لە سەرۆککۆماری عێراق بکات تایبەت بەو هێرشەی تورکیا کە ماوەیەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە".
سەگڤان سندی گوتیشی، "لەو نووسراوەدا لیژنەکەمان پرسیاری ئەوە لە لـەتیف رەشید، سەرۆککۆمار دەکات کە ئایا هاتنەناوەوەی تورکیا و ئەو هێرشانەی دەیانکات بە هاوئاهەنگی عێراقە یان عێراق رۆڵی تێدا نییە؟ لیژنەکە دەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەی دەستبکەوێت کە بۆچی عێراق لەو ئۆپەراسیۆنەی تورکیا بێدەنگە."
بەگوتەی جێگری سەرۆکی ئەو لیژنەیەی پەرلەمان، تاوەکو ئێستا لەنێوان 30 بۆ 40 کیلۆمەتر سوپای تورکیا هاتووەتە نێو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
چەند هەفتەیەکە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک چڕبووەتەوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) رۆژی 16-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 15ـی مانگی شەشەوە تاوەکو 15ـی تەممووز، سوپای تورکیا 381 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە."
رێکخراوەکە بایەخ بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و بە گوێرەی ئامارەکەی، هێرشەکانی ئەو مانگەی تورکیا 339یان بە فڕۆکەی جەنگی بووە، 35 تۆپباران و 7 هێرشی درۆنیی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ