هەموو رێگاكان دەچنەوە ماڵی موقتەدا سەدر

21-05-2018
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن موقتەدا سەدر
A+ A-

رووداو - لەندەن

رۆژی 12ی ئایار، پیاوێكی تەمەن 45 ساڵی عەمامە بەسەر و عەبا لەبەر، لە گەڕەكێكی شاری نەجەفی پیرۆزی دڵی شیعەكاندا، لە قوتابخانەیەكی سەرەتایی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كرد و دەنگی دا. ئەو پیاوە موقتەدا سەدری رێبەری سیاسی و رووحیی رەوتی سەدر بوو. 

ئەو پیاوە كە بەپێ و بێ هیچ پاسەوان و ئۆتۆمبێلێكی گوللەنەبڕ بەرەو بنكەی دەنگدان دەچوو، بووە براوەی هەڵبژاردن و ئەمڕۆ ركابەری هەموو ئەو سەركردە عێراقیانەیە كە لە بنكەی دەنگدانی (VIP) لە بەغدا و لە هەولێر لە هوتێلە پێنج ئەستێرەكاندا دەنگیان دا. ئەو دیمەنە زیاتر جۆش و خرۆشی خستە نێو لایەنگرانی سەدر تاوەكو بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بچن و دەنگ بە هاوپەیمانیی (سائیرون) بدەن كە كۆكتێلێك بوو لە نێوان  شیعە و شیوعی و لیبراڵ.
 
زۆربەی راپرسییەكانی پێش هەڵبژاردن جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق براوەی یەكەمی ئەو هەڵبژاردنە دەبێ‌، تەنانەت دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاژانسێكی بەناوبانگ و جێی متمانەی وەكو رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە لیستەكەی عەبادی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، بەڵام هەر لەگەڵ ئاشكرابوونی ئەنجامە بەراییەكان، ئەنجامەكان پێچەوانە بوونەوە و دەركەوت كە لیستەكەی سەدر بە بردنەوەی 54 كورسی یەكەمە، عەبادیش دوای لیستی فەتحی هادی عامری پلەی سێیەمی گرتووە.

زۆربەی چاودێرانی هەڵبژاردنەكانی عێراق پلەی سێیەم و چوارەمیان بۆ (سائیرون) دانابوو، بەڵام بەشداریی كەمی خەڵك لە هەڵبژاردن نرخی كورسی كەم كردەوە، بەمەش بەهاری سەدرییەكان، بووە دوو بەهار. لە یەكەم كاردانەوەشدا موقتەدا سەدر سوپاسی ئەو كەسانەی كرد كە بایكۆتیان كرد و نەچوون "خەڵكی گەندەڵ" هەڵبژێرنەوە.

فەتوای مەرجەع لە بەرژەوەندیی سەدر

بە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2014 كە سەدرییەكان بە سێ لیست بەشدارییان كرد، ئەمجارە بە هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبی شیوعی، لیبراڵ و مەدەنییەكان، سەدرییەكان چەند هەزار دەنگێكیان كەم كردووە، بەڵام فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە بەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردن "مافە"، دەرفەتی لە بەردەم موقتەدا سەدر خۆش كرد كە هانی جەماوەرەكەی بدات وەكو ئەركێكی ئاینی بچن شەڕی گەندەڵكاران بكەن، بەمەش سندووقەكان پڕ بوون لە دەنگی سەدرییەكان.

غالب شابەندەر، گەورە بیرمەندی عێراقی لەبارەی سەركەوتنی سەدر لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار بە (رووداو)ی گوت:  "ماڵی سەدر ماڵی خەڵكی هەژار و لێقەوماوانە، سەید موقتەدا بنكەیەكی جەماوەریی تۆكمە و میللیی هەیە، راستە حیزب و رێكخستنی نییە، بەڵام بەردەوام لەنێو خەڵكە و ئەو دروشمانەی هەڵیگرتوون راستگۆیانەن".

  غالیب شابەندەر: سەدر پیاوی هیچ وڵاتێك نییە
 خاڵێكی دیكە كە وای كرد سائیرون دەنگ بهێنێ، بە بڕوای شابەندەر "شكستی حیزبە شیعییەكانی دیكە بوو كە وای كرد خەڵك لە گۆڕانكاری و هەڵبژاردن بێ ئومێد بن، بەڵام بەشداریی لایەنگرانی سەید موقتەدا بەو چڕیە ژمارەی كورسییەكانی ئەوانی بەرز كردەوە". 

مەسعود حەیدەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێیوایە جەماوەری سەدر هاوكێشەی سیاسیی عێراقیان گۆڕی. مەسعود حەیدەر بە (رووداو)ی گوت: "سەدر دەنگدەری جێگیری خۆی هەیە، تەحشیدێكی گەورە كرا لەلایەن موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی هەموو لایەنگرانیان بچنە دەنگدان، لایەنگرانی سەدریش گوێرایەڵی داواكانی ئەون. هەمیشە نزیكەی یەك ملیۆن لایەنگر و دەنگدەری هەیە. ئەو داواشی كرد بەهیچ شێوەیەك دەنگ نەدەن بەو سەدریانەی كە لە لیستی دیكە خۆیان كاندید كردووە".
  مەسعود حەیدەر: سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق پشتیوانیی ئەمریكا و ئۆكەیی ئێرانی پێویستە;


موقتەدا سەدر كێیە؟

موقتەدا محەممەد محەممەد سادق ئەلسەدر رۆژی 12ی ئابی 1973 لە بنەماڵەیەكی ئاینیی ناسراوی شیعە لە شاری كوفە لەدایك بووە. سەدر چوارەم منداڵی خێزانەكەیەتی، لەلای باوكی زانستی ئاینی خوێندووە. لەگەڵ ئەسمای كچی مامی (محەممەد باقر سەدر) خێزانیان پێكهێناوە. بەپێی قسەی میدیا عێراقییەكان موقتەدا سەدر منداڵی نییە، هەر بۆیەش ئەحمەد سەدری برازای هێناوەتە پێش و رۆڵی گەورەی لە كاروباری سیاسی پێداوە.

باوكی موقتەدا كە یەكێك بوو لە پیاوە ئاینییە بەناوبانگەكانی شیعە، لە ساڵی 1999 لەگەڵ دوو لە كوڕەكانی لە رووداوێكدا كوژران، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی موقتەدا سەدر، عێراق جێبهێڵێ‌ و روو لە شاری قومی ئێران بكات، لە حەوزەی عیلمیی ئەوێ‌ درێژەی بە خوێندنی ئاینی دا. 

 

محەممەد باقر سەدر كە كەسایەتییەكی دیاری شیعەكان بوو، ساڵی 1980 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارە درا. لەدوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003، موقتەدا سەدر كە ئەوكات گەنجێكی تەمەن 30 ساڵان بوو، گەڕایەوە عێراق و لەلایەن هەزاران لە شوێنكەوتووانی پێشوازییەكی گەرمی لێكرا.

سەدر و ئەمریكییەكان

هەر دوای گەڕانەوەی لە ئێران، موقتەدا سەدر، دژایەتی خۆی بۆ "سوپای بێگانە" لەسەر خاكی عێراق راگەیاند، هەر بۆیەش (سوپای مەهدی) و (یەوم ئەلمەوعوود)ی دامەزراند كە ئامانجیان لێدانی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە عێراق. سوپای مەهدی لە ئابی 2004 یەكەم چالاكی خۆی لە دژی سوپای ئەمریكا لە شاری نەجەف كرد. بە گوتەی بەرپرسانی سوپای ئەمریكا لە عێراق، لەو ماوەیەی لە عێراق بوون، زیاتر لە 1000 چەكداری سوپای مەهدییان كوشتووە.

لە كاتی گەرمبوونی شەڕی نێوان سوپای ئەمریكا و لایەنگرانی سەدر، موقتەدا سەدر بۆ ماوەی چوار ساڵان لەبەر چاوان ونبوو، تا ئەو كاتەی نەگەڕایەوە گەڕەكی حەنانە لە نەجەف، زۆر كەس نەیاندەزانی ئەو چوار ساڵە لە شاری قوم بووە لە ئێران.

جۆرج بوش، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا رایگەیاند كە "سەدر دوژمنی ئەمریكا و داردەستی ئێرانە". بەڵام چاودێرانی سیاسی بەدووری دەزانن پیاوی ئێران بێ‌.
غالب شابەندەر پێیوایە سەدر عێراقییەكی رەسەن و پیاوێكی دڵسۆزی وڵاتەكەیەتی و گرێدراوی هیچ وڵاتێك نییە.

 "ئەوەی سەید موقتەدا لەوانی دیكە جیا دەكاتەوە عێراقیبوون و عرووبەیە، سەدر پیاوی هیچ وڵاتێك نییە، بە هاوپەیمانی لەگەڵ شیوعییەكاندا دەركەوت پیاوێكی كراوە و چاكسازیخوازیشە، بەڕاستی شەڕی گەندەڵی دەكات".

"نەوشیروان مستەفای عێراقە"

رۆژنامەنووس رەحمان غەریب كە لە بنەماڵەیەكی دیاری شیوعییەكانی سلێمانییە، لە نزیكەوە موقتەدا سەدری بینیوە، ئەو لەبارەی موقتەدا سەدرەوە دەڵێت: "ئەوم لە نزیكەوە بینیوە و قسەم لەگەڵ كردووە، لە دژایەتی گەندەڵی جدییە، پیاوێكی راشكاو و راستگۆیە، كەسایەتیی لە نەوشیروان مستەفا دەچێت، ئەگەر عەمامەكەی لێ بكەیتەوە نەوشیروان مستەفای عێراقە، لە دابینكردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتیدا بۆچوونەكانی نزیكە لە شیوعییەكان".

 رەحمان غەریب: سەدر، نەوشیروان مستەفای عێراقە

موقتەدا سەدر ساڵی 2008 سوپای مەهدی هەڵوەشاندەوە، سەدر تۆمەتبارە بە تیرۆركردنی عەبدولمەجید خوئی لە نیسانی 2003. لایەنگرانی سەدر دەستیان هەبوو لە هێرشكردنە سەر دووكانەكانی مەیفرۆشی و كوشتنی  هاوڕەگەزخوازان لە عێراق، تا دواجار لە مانگی ئابی 2016 سەدر داوای لە لایەنگرانی كرد دەست لەو جۆرە رەفتارانە هەڵگرن. 

سەدر و كورد و سوننە

ئەگەرچی سەدر لە شەڕی تائیفی دژی سوننەكان تێوەگلاوە و دژایەتیی فیدراڵی كردووە، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی، متمانەپێكراوترین پیاوە لەلای كورد و سوننە، بەجۆرێك لە شەڕی دژی داعشدا عەشیرەتە سوننەكان، لەنێو گرووپەكانی حەشدی شەعبی داوای چوونی چەكدارانی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدریان دەكرد بۆ ناوچەكانیان. سەرایا سەلام لەچاو گرووپەكانی دیكەی حەشدی شەعبی خاوەن سومعەیەكی باشترن.

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكی رۆژنامەڤانیدا لە بارەی كەسایەتی سەدر دەڵێ: "پیاوێكە خاوەن بەڵێنی خۆیەتی". سەدر دوایین كەسایەتیی عێراقی بوو دژایەتی گشتپرسی باشووری كوردستانی كرد،  بەڵام لە هەمانكاتدا دژی بەكارهێنانی هێز بوو بەرامبەر هەرێمی كوردستان.

مالیكی.. هێڵی سووری سەدر

سەدر زۆر دژایەتی نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەكات و پێیوایە هەشت ساڵی حكومڕانی ئەو پیاوە كارەساتی گەورەی بەسەر عێراقدا هێناوە، هەر بۆیە لەبارەی جیاوازیی نێوان مالیكی و عەبادی دەڵێ: "ئێرە و ئاسمانی فەرقە". 

لە كاتی هەوڵەكانی وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی، موقتەدا سەدر لەسەر داوای  مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان، لە 24/4/2012 بە فڕۆكەیەكی تایبەت لە ئێرانەوە گەیشتە هەولێر كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوسەفەری بوو. ئەمەش یەكەمین سەردانی موقتەدا سەدر بوو بۆ هەرێمی كوردستان.

سەدر دژی حكومەتی حیزبییە و پشتیوانی لە حكومەتی تەكنۆكرات دەكات، یەكێك لە مەرجەكانیشی بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران حیزبی نەبێ‌، وەكو ئاماژەیەك بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دووەم لەلایەن عەبادی كە دەبێ‌ ماڵئاوایی لە حیزبی دەعوە بكات، سەدر دەڵێت "عەبادی حەز دەكات واز لە حیزب بهێنێ، بەڵام ناتوانێ".

سەدر لە دژایەتی گەندەڵیدا تا ئاستێك رۆیشتووە كە گەورە بەرپرسێكی رەوتەكەی كاتێك تۆمەتبار كرا بە گەندەڵی، بە دەستی خۆی رادەستی پۆلیسی نەجەفی كرد، چەندین سەركردەی باڵاشی لە رەوتەكەی دەركردووە، هەر خۆیشی راستەوخۆ سەرپەرشتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی مەیدانی تەحریری لە دژی گەندەڵی كرد كە بەهۆیەوە لایەنگرانی بۆ ماوەیەكی كاتی چوونە ناوچەی سەوز و دەستیان بەسەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراقدا گرت.

دوای وەرگرتنی بەڵێنی دژایەتی گەندەڵی لە دوای شەڕی داعش لە عەبادییەوە، سەدر خێوەتی مانگرتنی لە مەیدانی تەحریر پێچایەوە و گەڕایەوە نەجەف، هەر دژایەتی گەندەڵیش بوو وای كرد لیستی سائیرون زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دەنگ بهێنێ‌.

هەموو رێگاكان دەچنەوە ماڵی سەدر

سەدر لە ساڵی رابردوودا سەردانی هەریەك لە سعودیە و ئیماراتی كرد كە نەیاری سەرسەختی ئێرانن. بەپێی قسەی خۆی، ئەو سەردانانە نیگەرانی لای ئێرانییەكان دروستكردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە نێو دەسەڵاتدارانی ئێران نایناسن. غالب شابەندەر دەڵێ: "سەدر بڕوای وایە عێراق نابێ ببێتە قوربانیی ململانێی ئێران و ئەمریكا و سعودیە، بەرژەوەندی باڵای عێراق لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانە". رەحمان غەریب لە بارەی پێگەی سەدر لە ململانێ ئیقلیمییەكاندا دەڵێ: "سەدر پێیوایە دەبێ‌ بڕیاری عێراق لە بەغدا بێ نەك پایتەختەكانی دیكە".

هەر دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار، ماڵی سەدر بووە رێگای كانی، بە جۆرێك باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی عێراق، لەوانەش سعودیە و توركیا و كوێت و سووریا بە یەكەوە ببنە میوانی ماڵەكەی.

ئێستا زۆربەی رێگاكان دەچنەوە ماڵی موقتەدا سەدر، هەر یەك لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و برێت مەكگۆرك، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا، بۆ دیاریكردنی سەرۆكوەزیران و پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراقن. 

مەسعود حەیدەر دەڵێ: "سەدرییەكان باش دەزانن وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران قورسە بۆ ئەوان، چونكە نە ئێران و نە ئەمریكا پشتیوانیان نابن، ئەویش لەبەر ئەو نەهجە شۆڕشگێڕییەی كە سەدرییەكانی پێ دەناسرێتەوە. بۆیە لای موقتەدا سەدر كارنامەی حكومەت و وەزیرەكان گرنگن، لەو كاتەدا سەرۆكوەزیران دەخاتە ژێر ركێفی خۆی".

پێشتر موقتەدا سەدر رایگەیاندبوو كە كاندیدی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق، عەلی دەوای، پارێزگاری میسانە كە سەر بە رەوتەكەیانە. عەلی دەوای لازم فەرتووسی كە زۆرجار بە بەدلەیەكی شینی كاركردنەوە لە باڵەخانەی پارێزگا دەوام دەكات، ساڵی 2012 لەلایەن رۆژنامەی لۆس ئەنجلسی ئەمریكییەوە بە چالاكترین كەسایەتی حكومەتی لۆكاڵی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بواری كار و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، دەستنیشان كراوە. 

مەسعود حەیدەر لەبارەی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق دەڵێت: "دواجار سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق، لە رەحمی ئەو ئیئتیلافەوە دەردەچێ كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و ئێران لێی رازی دەبێ. ئەگەر ئێران نەتوانێ سەرۆكوەزیران دیاری بكات، ئەوە كوتلەیەكی پەرلەمانی بەهێز دروست دەكات، لە خولی داهاتوو پەرلەمانێكی چالاك دەبینین".

حەز و ئارەزووەكانی سەدر
 موقتەدا سەدر سەیری یاریی تۆپی پێ دەكات و بابەتی ئەدەبی دەخوێنێتەوە

موقتەدا سەدر كە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیاری لایەنگرانی، قسە لەسەر زۆر لایەنی ژیان دەكات، حەزی لە سەیركردنی یاریی تۆپی پێیە. هەروەها حەزی لە خوێندنەوەی بابەتی ئەدەبییە. خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی رێكدەخات، بەڵام رقی لە هات و هاوار و هوتافكێشانی لایەنگرانییەتی بە تایبەتی كاتێك گوتار پێشكەش دەكات. سەدر بە زمانێكی سادەی زاراوەی عێراقی قسە دەكات، زۆربەی كات وشەی (حەبیبی) بۆ بەرامبەرەكەی بەكاردێنێ. غالب شابەندەر بۆ (رووداو)ی ئاشكرا كرد "سەدر زۆر حەزی لە خوێندنەوەی ئەدەبی وەرگێردراوی رۆژئاوایە بۆ سەر زمانی عەرەبی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە