سەرۆکی
دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەشبینە بەوەی کە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە
دەدۆزرێتەوە بە جۆرێک کە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و زاخۆوە تاوەکو سلێمانی یەک
بن.
فەوزی هەریری، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا
گوتی، "پێویستە لێکتێگەیشتن هەبێ و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان
پارێزراو بێ."
ئاماژەی
بەوەش کرد، بە دڵنیاییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەو
ئاراستەیە کار دەکەن کە کێشەکان بە ئارامی و گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
سەرۆکی
دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کێشەی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی
بەوەش کرد، "ئەمەی ئێستا هەیە بابەتی سیاسیی حیزبییە، ئێستا کە پەرلەمان
دانیشتنی خۆی کرد، دەزگاکانی دیکەی وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت
رۆڵیان کەمتر دەبێ، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەزگا لەگەڵ کەسایەتی جیاوازن،
کەسایەتیی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دەتوانن رۆڵێکی بەرچاو بگێڕن و بە
دڵنیاییەوە کەمتەرخەمی ناکەن."
فەوزی
هەریری، سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، گەشبینی خۆی نیشاندا و گوتی، "لەگەڵ ئەو
هەموو ئاڵنگارییانەی کە هەن، من گەشبینم بە چارەکردنی کێشەکان و پێویستە هەموومان
پێکەوە قەوارەی ئەم هەرێمە بپارێزین، یەک کوردستان، یەک زۆن و یەک هەرێم، من
دڵنیام میللەتی هەرێمی کوردستانیش هەمان ئامانجیان هەیە."
لەبارەی
کاراکردنەوەی پەرلەمانیش گوتی، "کارانەکردنەوەی پەرلەمان، هەرێمی کوردستانی
تووشی کێشەی یاسایی دەکرد لەگەڵ بەغدا، مانەوەی دۆخەکە بەمجۆرە لە بەرژەوەندیی
میللەتەکەمان نەبوو، هەرێم تەنیا بۆ ئێمە و ئەمڕۆ نییە، بۆ نەوەی داهاتووە، ناکرێ
ئێمە حسابی ئەمڕۆ بکەین و پێویستە بە هەر جۆرێک بووە قەوارەی هەرێمی کوردستان
بپارێزین، کە لە ژێر هەڕەشەیەکی جیدیی بوو."

