رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، سبەی هەنگاوێکی گرنگ و شارستانی دەنێن، رۆڵی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەرز دەنرخێنێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان رایگەیاند، "سبەی هەنگاوێکی گرنگ، شارستانی و گەشەپێدان دەنێین، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی دەکەین، ئەویش بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوونە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "دوای 37 ساڵ لە بەڕێوەچوونی دوایین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کە لە ساڵی 1987 کرا، هەروەها دوای سەرژمێریی ساڵی 1997 کە هەرێمی کوردستانی عێراقی نەگرتەوە، دەستدەکەین بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ئەوەش بۆ تەواوکردنی کارە لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت و دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییان بۆ خزمەتگوزاریی گشتی."
بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە کە سوودانی بە "پرۆسەیەکی نایاب" ناوی دەبات، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری ئەو تیمانە بن کە ئەرکی بەڕێوەچوونی سەرژمێرییان پێ سپێردراوە، "هەروەها داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن."
سوودانی جەختی لەوە کردەوە، "سەرژمێریی دانیشتووان تەنیا ژمارە نییە کەڵەکە بکرێت، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بڕیاردانی کاریگەر، وەکو دڵنیابوون لە دابەشکردنی سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکان لەنێوان پارێزگاکاندا بەپێی رێسایەکی دادپەروەرانەتر."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و زانیارییەکانی خانووبەرە دەبنە ئامرازێکی زانستیی نوێ بۆ پلاندانان و ئامرازی گەشەپێدان، دوور لە خەمڵاندن و هەوڵدانەکان کە لەسەر بنەمای راستییەکان نین.
سوودانی رۆڵی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دەستەی ئامار و سیستمی زانیاری و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند لە هەوڵەکانی چەند مانگی رابردوویان لە ئامادەکاری بۆ سەرژمێری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ