رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داواکارییەکی بە واژۆی نزیکەی 100 پەرلەمانتارەوە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بخرێتە خشتەی کارەکانەوە.
ئەو داواکارییە لە دانیشتنی 23ی ئابی 2026، لە لایەن شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان خرایەڕوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، هەفتەی رابردوودا هێرش کراوەتە سەر یەکێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت کە نووسینگەی تایبەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەو هێرشە دووبارانەی دەکرێنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت پێویستی بە هەڵوێستە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ تاوتوێکردنی.
17ی ئاب بە درۆن هێرشکرایە سەر نووسینگەی تایبەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە واژۆی نزیکەی 100 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان داوایەکیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز کردووەتەوە بۆ ئەوەی بڕگەیەک زیاد بکرێت بۆ تاوتوێکردنی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، کە دواینییان نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووە.
سەبارەت بە وەڵامی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەو داواکارییە، شاخەوان عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت: "بڕیاریان دا دانیشتنێکی تایبەت رێکبخەن لەسەر ئەو هێرشانە بەبێ راگەیاندن."



.jpg&w=3840&q=75)