رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی سەرۆکوەزیرانی
پێشووی عێراقی لە دژی سەرۆککۆماری پێشوو رەتکردەوە، کە داوای کردبوو، پەیڕەوی
ناوخۆ و یاسای دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمار بە نادەستووری بناسێنێت.
ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی
ئەو سکاڵایە، رۆژی یەکشەممە 23ی ئابی 2026 دەرچووە.
سکاڵاکە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی
پێشووى عێراق لە دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری پێشوو تۆمار کرابوو.
سەرۆکوەزیرانی پێشووى عێراق داوای لە دادگا
کردبوو هەردوو یاسای دیوانی سەرۆکایەتی ژمارە 4ی ساڵی 1984 و پەیڕەوی ناوخۆی سەرۆکایەتیی
کۆماری ساڵی 2023 بە نادەستووری بناسێنێت.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای سەرۆکوەزیرانی
رەتکردووەتەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بڵاوبکاتەوە.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێشووی
پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو سکاڵایەی لە کابینەی پێشووی
حکومەتی عێراق پێشکێش کرابوو، لەسەر بنەمای ئەوە بوو کە تێکەڵاوبوون لە دەسەڵاتەکانی
سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیراندا هەیە.
پەیڕەوی ناوخۆی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ساڵی 2023
لە لایەن سەرۆککۆماری پێشوو دەرکرا و لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوکرایەوە، کە
وردەکاریی پێکهاتەی سەرۆکایەتیی کۆمار و دەسەڵاتەکانى تێدایە.
هەرچی یاسای دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمارە، لە 22ی
شوباتی 1984 لە لایەن دەسەڵاتی پێشووی عێراق دەرکراوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە،
کە تایبەتە بە دەسەڵاتەکانی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمار.


.jpg&w=3840&q=75)

