پەرلەمانتارێکی کورد: کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ناکرێت

19-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە ناکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 19-09-2023 کاروان یاروەیس، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراقدا پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ ئەمڕۆ دواخرا، بەڵام ئەمڕۆش کۆبوونەوەکە نەکرا."
 
کاروان یاروەیس گوتی "کۆمەڵێک لایەنی سیاسی لە عێراق لەگەڵ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەدا نین، بۆیە تائێستاش دیار نییە کەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، بڕیارە ئەمڕۆ سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی عێراق کۆببنەوە.
 
هەر لەمبارەوە، ئەمڕۆ موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق میوانی بووڵتەنی 12:00 بوو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات و گوتی، "دانیشتنی ئەمڕۆ ناکرێت چونکە جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە دوێنێ لەسەر سەکۆی پەرلەمان بوون، چونکە بەڕێز حەلبووسی (سەرۆکی پەرلەمانی عێراق) پێنجشەممەی رابردوو و دوێنێش نەهاتبوو بۆ دانیشتن و رازیش نەبووە بخرێتە بەرنامەی کارەوە، ئێستاش گوتوویەتی با ئەمڕۆ دانیشتن بکرێت، بەڵام جێگرانی رێگەیان نەداوە و گوتوویانە دەبێت هەڵەبجەی لەگەڵدا بێت، چونکە دوێنێ بەڵێنمان بەو کوردانە داوە، کە لەسەر داوای دەوڵەتی یاسا بۆ سبەینێ دوایدەخەین."
 
موسەنا ئەمین، پەیامێکی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، "هەڵسوکەوتی ئێستای محەممەد حەلبووسی نایسەلمێنێت کە دۆستی کوردە، داوا لە پارتی و کاک مەسعود دەکەم کە لە قۆناخێکدا هاوپەیمانی ئەو بەڕێزە و سەدرییەکان بوون، ئێستاش هاوپەیمانن، پێیبڵێن 'ئەم هەڵویستەت لەگەڵ جینۆسایدی میلەتێک مانای چییە؟' هەر ئەم پەرلەمانەی 'دوو خولە تۆ بەڕێوەی دەبەیت، لە هەموو بودجەیەک هەڵەبجەی نەکردووە بە پارێزگا و دەنگی پێ نەداوە؟' مەگەر دەستووری عێراق هەڵەبجەی بە پارێزگا نەناساندووە."
 
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. ئێستا خەریکە خەونی هەڵەبجەییەکان دێتەدی و دەبێتە 19ـیەمین پارێزگای عێراق.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننەکان بووە هۆی ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.