رووداو- هەولێر
چەکدارانی داعش ئامێرەکانی فەرمانگەکانی مووسڵ دەگوازنەوە بۆ سووریا و تاڵانیان دەكەن، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "داعش دەزانێ ئایندەیان لە مووسڵ نییە و دەیانەوێ لە سووریا زیاتر خۆیان قایم بكەن".
عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند"داعش ئێستا خەریکی بردنەدەرەوەی سەرجەم ئامێرەکانی خزمەتگوزاری فەرمانگەکانی نەینەوایە و دەیانەوێ بیبەنە سووریا".
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی گوتیشی "داعش هەرچی ئامێری بەسوود و گران هەیە، دەیانباتە سووریا، لەبەرئەوەی دەزانێ ئایندەیان لە مووسڵ نییە، بۆیە ئێستا هەموو کەلوپەلێک لەنێو سەنتەری موسڵ بەرەو سووریا دەبەن".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئێوارەی رۆژی هەینی 17-6-2016، دوای 27 رۆژ شەڕكردن کۆنترۆڵکردنەوەی سەنتەری فەللوجەی راگەیاند، ئەوكات عەبادی گوتی "ئامانجی داهاتوومان موسڵە".
بەپێچەوانەی سووریا، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق گورجی كەمەرشكێنیان لە داعش داوە و نزیكەی 50% ی ئەو خاكەی داعش كۆنترۆڵی كردبوو، لێی سەندراوەتەوە، بەڵام لە سووریا تەنیا 25% ی خاكی ژێر دەستی داعش كۆنترۆڵ كراوەتەوە، بەشی زۆری سەركەوتنەكەش بەر یەپەگە دەكەوێت لە رۆژئاوای كوردستان.


