رووداو دیجیتاڵ
شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق راگەیاند، لە ناوچەى پەلکانە چوار چەکدارى داعش کەوتوونەتە بۆسەیەکى سوپاوە و دوو چەکداریان کوژران، کە یەکێکیان خۆکوژ بووە.
شەوی چوارشەممە 19ـی ئادارى 2025، ئەو شانەیە لە راگەیێنراوێکدا وردەکارى ئەو رووبەڕووبوونەوەیەى بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە فیرقەى دووى لیواى 88ـی سوپا لە ناوچەى پەلکانە بۆسەى بۆ چوار چەکدارى داعش داناوە و دوو چەکداریان لێ کوشتوون، کە یەکێکیان خۆکوژ بووە و پشتێنەى بۆمبڕێژکراوى بەستووە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى ئاماژەى بەوە داوە، دوو چەکدارەکەى دیکەى داعش لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا بریندار بوون.
پێشتر تۆڕى میدیایی رووداو هەواڵى ئەو رووبەڕووبوونەوەیەى لەسەر زارى کاوە شێخانى، راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەدین بۆ کاروبارى حکومەت و هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە کە لەسەر رێگەى نێوان کفرى و خورماتوو روویداوە.
شانەى راگەیاندنى ئەمنى دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە کێوماڵکردنى ناوچەکە بە پاڵپشتى درۆنى سەر بە فەرمانگەى هەواڵگرى سەربازى.
رووداوەکە بە دیاریکراوى لە نێوان ناحیەى سەلمان بەگ و ناوچەى قولیچاى بووە، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى پارێزگاى سەلاحەدین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ